قوباد تاڵەبانی: با قۆناغی داهاتوو بكەینە قۆناغی بوژانەوەی كشتوكاڵ

- 2/18/2019 11:09:00 PM 7056 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ دووشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، لە هەولێر بەشداری لە دیداری هەماهەنگیی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک کرد كه‌ بە چاودێریی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا و لەژێر ناونیشانی ( لە کێڵگەوە بۆ سەر خوان) ئەنجامدرا.

لە سەرەتای دیدارەکە كونسولی گشتیی هۆڵەندا باسی لە چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵی و گرنگی بوژانەوەی ئەو کەرتە بە مەبەستی بنیاتنانی ئابووریەکی بەهێز کرد، هەروەها ئامادەیی هاوكارییكردنی هه‌رێمی كوردستانی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی كشتوكاڵیدا دەربڕی.

دواتر جێگری سەرۆکوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان لە وتارێکدا ئاماژەی بە گرنگیی کەرتی کشتوکاڵ بۆ بنیاتنای ئابورییەکی بەهێز و هەنگاوەکانی برەودان بەو کەرتە كرد و جەختیکردەوە کە کەرتێکی بەهێزی کشتوکاڵ تەنها خواردن ناخاتە سەر سفرەکانمان، بەڵکو پێداویستیی بازاڕ دابین دەکات، پیشەسازی بەهێز دەکات، ئابووریی کوردستان هەمەجۆر دەکات، هەزارەها هەلی کار دەرەخسێنێت و ئەمنیی قەومیمان دەپارێزێت.

قوباد تاڵەبانى وتی "نابێت هیچ دوو دڵ بین لە وتنی ئەو ڕاستیە كە سەرەڕای ئەوەی ئێمە لەسەر خاکێکی بەپیت دەژین، كەچی لەبری ئەوەی سەرچاوە و نمونەیەكی باشی دەوروبەر بین، خۆمان گەورەترین هاوردەكار و بەكارهێنەری بەرهەمی دەر و دراوسێین، ئەمەش تەحەدایەكی گەورەی بەردەممانە لە ئێستادا و پێویست دەكات لە سەرمان ئەم دۆخە بگۆڕین".
هەموو ئەو ئابورییانەی تەنیا پشتیان بە سامانە سروشتییەکان بەستووە، ئابورییەکی نەخۆش و لاوازن و بەرگەی قەیرانەکان ناگرن

 

سەبارەت بە هەمەجۆرکردنی داهاتی هەرێم، ئاماژەی بەوەدا کە نابێت تەنها پشت بە نەوت ببەستین و وتی "ڕاستە ئێمە لەپەنا كشتوكاڵدا خاون سامانی نەوت و گاز و چەندین كانزای تری بەنرخین، بەڵام شتێكی شاراوە نییە كە هەموو ئەو ئابورییانەی تەنیا پشتیان بە سامانە سروشتییەکان بەستووە، ئابورییەکی نەخۆش و لاوازن و بەرگەی قەیرانەکان ناگرن".

قوباد تاڵه‌بانی له‌ به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا وتی "دەبێت سەرمایەدار هان بدرێت بۆ وەبەرهێنانیان لە کێڵگەی کشتوکاڵ، نەک تەنها لە کێڵگەی نەوت. كشتوكاڵ بۆ ئێمە تەنها سەرچاوەی دابینكردنی خۆراك و كەمكردنەوەی هاوردەكردن نییە، بەڵكو زەمینە و فاكتەری پێشكەوتنی پیشەسازیشە. ئەگەر نەتوانین کەرتی کشتوکاڵ پێشبخەین، ئەوا ناتوانین کەرتی پیشەسازیش پێشبخەین، لەو حاڵەتەشدا ناتوانین ببینە خاوەن ئابورییەکی بەهێز و دەبێت قۆناغی داهاتوو بكەینە قۆناغی بووژانەوەی كشتوكاڵ كە دەکاتە گەشەپێدانی ئابوری".

بەرهەمی خۆماڵی  بە بەوراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کرد

 

ئاماژەی بەهەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم داو وتی "هەرچەندە لە كابینەی هەشتەمدا سەرەڕای قەیرانەکان و شەڕی داعش،  هەنگاومان بۆ پاراستنی بەروبوومی خۆماڵی ناوه‌ و بەرهەمی خۆماڵی  بە بەوراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کرد، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیمان نەبوو".

لە کۆتاییدا جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی حکومەتی هۆڵه‌ندا و کۆنسوڵخانەی هۆڵه‌ندای لە هه‌رێمی کوردستان کرد کە  خەمخۆرانە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک لە هه‌رێم دەدەن، هەروەها سوپاسی زانکۆی ڤاخنینگنی کرد و وتی"پێموایە توێژینەوەکانی ئەو زانکۆیە بناغەیەکی پتەوە بۆ بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە هه‌رێمی کوردستان و داوایان لێ دەکەم لە داهاتووشدا بەردەوام بن لە یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP