خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی 11ی سەرجەم وەزارەتەکان

- 2/17/2019 8:28:00 AM 136263 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دابەشکردنی موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردو بەردەوامە و تاوەکو هەفتەی داهاتو موچەی مانگی 11ی سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە 17-2-2019 موچه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و ئەوقاف و کاروباری ئاینیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رەگەزنامەی هەرێم دابه‌شده‌كرێت.

هەروەها سبەی دوشەممە 18-2-2019 موچه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ده‌زگای-گشتی ئاسایش و هێزه‌كانی زێره‌ڤانی و هێزی به‌رگریی فریاكه‌وتن و پۆلیسی نه‌وت و گاز دابەشدەکرێت.

سەرچاوەکەی خەندان وتیشی، ڕۆژی سێشەممە 19-2-2019 موچەی وەزارەتی شاره‌وانی‌ و گەشتوگوزار و كشتوكاڵ وەزارەتی كاره‌با و وەزارەتی پلاندانان و گواستنه‌وه و گه‌یاندن و دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی ‌دەستەی مافی مرۆڤ ‌و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و دەستەی ده‌ستپاكی و ده‌سته‌ی ژینگه و ده‌سته‌ی گشتی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ده‌زگای گشتی کاروباری مین.

ئەوەشی خستەڕو، رۆژی چوارشەممە 20/2/019 موچه‌ی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی و وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران.

رۆژی پێنجشەممە 21/2/2019 موچه‌ی خانەنشینانی سەربازی و رۆژی یەکشەممە 24/2/2019 خانەنشینانی مەدەنی دابه‌شده‌كرێت.
 
لە سەرەتای ساڵی 2016 ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بە سیستەمی پاشەکەوتی موچە دەکات و مانگانە بڕێک لە موچەی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکات، بە ئامانجی "کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات".

تا ئێستاش دیارنیە کەی کۆتایی بە سیستمی پاشەکەوتی موچە دەهێندرێت، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن، دوای ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2019ی عێراق گۆڕانکاری بەسەر سیستمی پاشەکەوتەکەدا دێت.

ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی نۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دابەشکرد، بەر لە کۆتایی هاتنی ساڵیش رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاند، دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 لە ساڵی 2019 دا دابەشدەکرێت، تا ئێستاش دابەشکردنی ئەو سێ موچەیە کۆتایی نەهاتوە.

نیشانەکردن :

#موچه‌

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP