خەندان زانیارى لەسەر کۆبوونەوەى ئەمشەوى وەفدى پارتى لەگەڵ جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى بڵاودەکاتەوە

- 2/16/2019 10:21:00 PM 95546 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وەفدێکى پارتى دیموکراتى کوردستان سەردانى کۆسرەت رەسوڵ عەلى جێگرى یەکەمى سکرتێرى گشتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانیان کرد، بەڵام بەگوێرەى سەرچاوەیەکى باڵا لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کە بە مەرجى ناونەهێنانی قسەى بۆ خەندان کرد، وەفدەکەى پارتى بە دەستى خاڵى گەڕاونەتەوە، چونکە لەو سەردانەدا هەمان بۆچونى سەرکردایەتى دوپاتکراوەتەوە.

ئەمشەو دواى کۆبونەوەیان لەگەڵ گۆڕان، وەفدێکى پارتى بە سەرۆکایەتى رۆژ نورى شاوەیس ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی سەردانى ماڵى کۆسرەت رەسول عەلى جێگرى یەکەمى سکرتێرى گشتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانیان کرد.

بەگوێرەى وتەی ئەو سەرچاوە باڵایە بۆ خەندان شاندى یەکێتى پێکهاتبوون لە (کۆسرەت رەسوڵ عەلى، عیماد ئەحمەد، ئاسۆ ئەڵمانى، شۆڕش ئیسماعیل، عەدنانى حەمەى مینا، بافل تاڵەبانى، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئیسماعیل مەحمود).

یەکێتی بەشداری دانیشتنەکەی ١٨ی مانگ ناکات ئەگەر رێککەوتن لەسەر یەک پاکێجی نەکرێت

 

سەرچاوەکە وتیشی، ئەمڕۆ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە رێگەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى بۆچونى کۆتایی گەیاندوەتە پارتى دیموکراتى کوردستان و پێى راگەیاندوە کە هەتا رێککەوتن لەسەر پرۆژەکەى یەکێتى بۆ پۆستەکانى هەرێم و کەرکوک و بەغداد بەیەک پاکێجى ئەنجام نەدرێت کە خزمەت بە ئایندەى پرۆسەى سیاسى هەرێم و هاوڵاتیانى کوردستان دەکات یەکێتى بەشداریی دانیشتنەکە ناکات.

شاندی یەکێتی بۆچونی سەرکردایەتیان دوپاتکردوەتەوە و پارتی بەدەستی خاڵی گەڕاوەتەوە

 

ئەو سەرچاوەیەى خەندان راشیگەیاند، سەردانەکەى ئەمشەوى رۆژ نورى شاوەیس بۆ لاى کۆسرەت رەسوڵ عەلى جێگرى یەکەمى سکرتێرى گشتى یەکێتى بەمەبەستى رازیکردنى یەکێتی بوە، تا بەشدارى دانیشتنەکەى ١٨ ى مانگ بکات، بەڵام جێگرى سکرتێرى گشتى یەکێتى و تەواوى بەرپرسانى باڵاى یەکێتى بۆچونیان بۆچونێکى نەگۆڕ بوە و بۆچونى سەرکردایەتى حزبەکەیانە بوە، بە وەفدەکەى پارتیان وتوە ئەگەر پارتى ئامادە نەبێت لەسەر یەک پاکێجى بۆ پرسەکانى هەرێم و کەرکوک و بەغداد رێکبکەوێت، پێناچێت یەکێتى بەشدارى دانیشتنەکەى ١٨ ى شوباتى پەرلەمانى کوردستان بکات، بۆیە شاندەکەى پارتى بە دەستى خاڵى گەڕاونەتەوە.

ئەمڕۆ دواى کۆبونەوەکەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى لە راگەیەندراوێکدا ئەوەى خستوەتەڕو، "پابەندە بە بنەماکانی رێککەوتنی سیاسی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی‌ و پارتی، کە لە رۆژی (٥ی شوباتی ٢٠١٩)  ئیمزاکراوە، کە بەستنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ دانانی پارێزگار‌ و ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگاکە ھاوکات دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بێت".  
یەکێتى ئامادەیە بۆ رێککەوتنێکی سیاسی گشتگیر کە پرسەکانی کوردستان‌ و کەرکوک‌ و عێراق وەک یەک پاکێچ لەگەڵ پارتی کاری لەسەر بکرێ

 

سەرکردایەتى یەکێتى جەختیکردوەتەوە،" کە یەکێتى ئامادەیە بۆ رێککەوتنێکی سیاسی گشتگیر کە پرسەکانی کوردستان‌ و کەرکوک‌ و عێراق وەک یەک پاکێچ لەگەڵ پارتی کاری لەسەر بکرێ، بەھاوکاری‌ و ھاوبەشی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان، لەپێناوی بەدیھێنانی یەکریزی لایەنەکانی کوردستان‌ و شەراکەتی ڕاستەقینە، کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بێت". 

لەکۆتایی راگەیەندراوەکە ئەنجوومەنى سەرکردایەتى یەکێتى دەڵێت، "ھەر ھەنگاوێک بەبێ رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان، بەتایبەتی یەکێتی‌ و پارتی خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان‌ و پرۆسەی سیاسی ناکات، لەکاتێکدا، کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریدایە‌ و بەرژەوەندی گەلەکەمان ئەوەمان لێدەخوازێت ھەمو لایەنەکان یەکڕیز‌ و یەکدەنگ بن بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسیەکان‌ و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان". 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP