ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی: پرسی هه‌رێم و كه‌ركوك و به‌غدا یه‌ك پاكێجه‌

- 2/16/2019 1:32:00 PM 13978 جار خوێندراوەتەوە
کۆبەنوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی

خەندان-

کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی کۆتاییهات لە راگەیەندراوێکیشدا رایگەیاند، پرسی هه‌رێم و كه‌ركوك و به‌غدا یه‌ك پاكێجه‌.

بەپێى راگەیەندراوێکى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى یەکێتى کە وێنەیەکى گەیشتۆتە خەندان، ئەمرۆ (١٦ی شوبات) بەسەرپەرشتی کۆسرەت رەسول عەلی جێگری سکرتێری گشتی و بەئامادەبوونی د.بەرھەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی، کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو. 

ئەنجوومەنى سەرکردایەتى یەکێتى رایگەیاندوە، لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی  کوردستان و عێراق‌ و پارێزگای کەرکوک‌و ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان‌و ناوچەکە تاوتوێکراو دواپێشھاتەکانی پرۆسەی گفتوگۆکان لەبارەی رێکەوتنی سیاسی لە نێوان یەکێتی‌و پارتی بۆ  پرسەکانی ھەرێمی کوردستان‌و بەغدا‌و کەرکوک‌ و پرسە نەتەوەیی‌ و نیشتمانیەکان بەوردی ھەڵسەنگێندرا‌و ڕاو بۆچوونی لەبارەوە گۆڕدرایەوە. 

لە راگەیەندراوەکە ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەوەى خستۆتەروو، "پابەندە بە بنەماکانی رێکەوتنی سیاسی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی‌و پارتی، کە لە ڕۆژی (٥ی شوباتی ٢٠١٩)  ئیمزاکراوە، کە بەستنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ دانانی پارێزگار‌و ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگاکە ھاوکاتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بێت".  

سەرکردایەتى یەکێتى تەئکیدىکردۆتەوە کە "یەکێتى ئامادەیە بۆ رێکەوتنێکی سیاسی گشتگیر کە پرسەکانی کوردستان‌ و کەرکوک‌ و عێراق وەک یەک پاکێچ رێکەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی لەسەر بکرێ، بەھاوکاری‌و ھاوبەشی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان، لەپێناوی بەدیھێنانی یەکریزی لایەنەکانی کوردستان‌ و شەراکەتی ڕاستەقینە، کە لە خزمەتی  بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بێت". 

لەکۆتایی راگەیەندراوەکە ئەنجوومەنى سەرکردایەتى یەکێتى دەڵێت: ھەر ھەنگاوێک  بەبێ رێکەوتنی سیاسی لایەنەکان، بەتایبەتی یەکێتی‌و پارتی خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان‌و پرۆسەی سیاسی ناکات، لەکاتێکدا، کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریدایە‌و بەرژەوەندی گەلەکەمان ئەوەمان لێدەخوازێت ھەموو لایەنەکان یەکریز‌و یەکدەنگ بن بۆ رووبەروبونەوەی مەترسیەکان‌و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان. 

دەقى راگەیەندراوەکە:


ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەمرۆ (١٦ی شوبات) بەسەرپەرشتی ھەڤاڵ کۆسرەت رەسول عەلی جێگری سکرتێری گشتی و بەئامادەبوونی د.بەرھەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی، کۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری سلێمانی بەرێوەچوو. 

کۆبونەوەکە، کە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان دەستی پێکرد، بارودۆخی سیاسی  کوردستان و عێراق‌ و پارێزگای کەرکوک‌و ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان‌و ناوچەکە تاوتوێکراو دواپێشھاتەکانی پرۆسەی گفتوگۆکان لەبارەی رێکەوتنی سیاسی لە نێوان یەکێتی‌و پارتی بۆ  پرسەکانی ھەرێمی کوردستان‌و بەغدا‌و کەرکوک‌و پرسە نەتەوەیی‌و نیشتمانیەکان بەوردی ھەڵسەنگێندرا‌و ڕاو بۆچوونی لەبارەوە گۆڕدرایەوە. 

ئەنجومەنی سەرکردایەتی، سیاسەتی یەکێتی دووپات دەکاتەوە، کە پابەندە بە بنەماکانی رێکەوتنی سیاسی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکێتی‌و پارتی، کە لە ڕۆژی (٥ی شوباتی ٢٠١٩)  ئیمزاکراوە، کە بەستنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ دانانی پارێزگار‌و ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگاکە ھاوکاتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بێت.  

بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختدەکاتەوە،   ئامادەیە بۆ رێکەوتنێکی سیاسی گشتگیر کە پرسەکانی کوردستان‌ و کەرکوک‌ و عێراق وەک یەک پاکێچ رێکەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی لەسەر بکرێ، بەھاوکاری‌و ھاوبەشی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان، لەپێناوی بەدیھێنانی یەکریزی لایەنەکانی کوردستان‌ و شەراکەتی ڕاستەقینە، کە لە خزمەتی  بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بێت. 

لەم ڕوانگەیەوە ھەر ھەنگاوێک  بەبێ رێکەوتنی سیاسی لایەنەکان، بەتایبەتی یەکێتی‌و پارتی خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان‌و پرۆسەی سیاسی ناکات، لەکاتێکدا، کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریدایە‌و بەرژەوەندی گەلەکەمان ئەوەمان لێدەخوازێت ھەموو لایەنەکان یەکریز‌و یەکدەنگ بن بۆ رووبەروبونەوەی مەترسیەکان‌و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان. 

 

ئەنجومەنی سەرکردایەتی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

١٦/٢/٢٠١٩


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP