بەپەلە

ئۆجەلان لە سوریاوە بۆ ئیمراڵى
لەسەرکردایەتى جەنگەوە بۆ بانگەوازى ئاشتى

- 2/15/2019 3:21:00 PM 9672 جار خوێندراوەتەوە
تورگوت ئۆزاڵ و مامجەلال و عەبدوڵا ئۆجەلان

خەندان-

ئەمڕۆ ٢٠ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەستگیرکردنى عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان دواى تێکچونى پرۆژەى ئاگربەستى نێوان پەکەکە و سوپاى تورکیا و چارەسەرکردنى کێشەکانیان بە رێگەى ئاشتیانە.

عەبدوڵا ئۆجەلان لە ٤ی نیسانی ١٩٤٨ لە گوندی ئامارای سەربە شاری ڕوحای باكوری كوردستان، لەدایك بووە، لە ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی دیكەی پارتی كرێكارانی كوردستان - پەكەكەیان دامەزراند و لە ساڵى ١٩٨٤ یەکەمین کردەى چەکدارییان ئەنجامدا.

مام جەلال و عەبدوڵا ئۆجەلان 

 

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى پەکەکە و دەوڵەتى تورکیا بە سەرۆکایەتى تورگوت ئۆزاڵ لە ساڵى ١٩٩٣ بە نێوەندگیرى رێبەرى گەورەى کۆچکردو مامجەلال، لە ئاگربەستێکى گەورەدابوون بۆ چارەسەرکردنى پرسى کورد لە باکوورى کوردستان، بەڵام بە کۆچی دوایی تورگوت ئۆزاڵی سەرۆکی ئەوسای تورکیا تەواوى هەوڵەکان کۆتاییان هات و شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە دەستى پێکردەوە.

تورگوت ئۆزال

 

دواى دەستپێکردنەوەى شەڕو پێکدادانەکان لە ساڵى ١٩٩٦ ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراو لە بەردەم ماڵى ئۆجەلان تەقیەوە، هەروەها لە ساڵى ١٩٩٨ سوپاى تورکیا بە بەشدارى زیاتر لە ٣٩ هەزار سەرباز و نزیکەى ٤٠٠ فرۆکەو هێلیکۆپتەرى سەربازى لەناوەڕاستى شارەکانى بۆتان و ئامەد دەستیان بە ئۆپراسیۆنێکى ١٥ رۆژى کرد، دواتر لە ئێوارەى ١ ى ٩ ى ١٩٩٨ ئۆجەلان دەستپێشخەرییەکى کردو لە رێگەى تەلەفزیۆنەوە ئاگربەستى تاکلایەنە راگەیاند لە پێناو دەستپێکردنەوەى ئاشتى، لەو کاتەشدا ئۆجەلان لە وڵاتى سوریا چالاکییە سیاسییەکانى خۆى ئەنجامدەدا.بەڵام تورکیا لەو دەمەدا لە کۆشکى چانکایا به‌ سه‌رۆکایه‌تى سلێمان دێمرێل هۆشدارى توندى دایە سوریا ئەگەر بێت و ئۆجەلان لە خاکەکەى دەرنەکات ئەوا هێرش دەکەنە سەر سوریا، وتى: "هێزى سەربازى ده‌وڵه‌تى تورک له‌”5 – تشرینى دووه‌م”دا له‌خاڵى سفرى سه‌ر سنوورى سوریا به‌”35”هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ مانۆڕێکى سه‌ربازى ئه‌نجامده‌ده‌ن.



بۆ ناوبژێوانى کردن لە نێوان تورکیا و سوریا، له‌3ى تشرینى یه‌که‌مى 1998دا سه‌رۆکى ئەوکاتەى میسر”حوسنى موباره‌ک” سه‌ردانى تورکیاى کرد . پاش سێ رۆژ مانەوەى لە ئه‌نقەره‌ رووى کرده‌ سوریا، راستەوخۆ دواى ئەو سەردانە سوریا هۆشدارى دایە ئۆجەلان کە دەبێت خاکەکەى بەجێبهێڵێت.

لە 9ى تشرینى یه‌که‌مى 1998 ئۆجەلان بەناچارى لەرێگەى فرۆکەوە سوریاى بەجێهێشت و لەسەر بانگهێشتنامەیەکى حکومەت چوە خاکى یۆنان، هەرچەندە پێشتر بەزۆرینەى دەنگى پەرلەمانتارانى یۆنانیش ئامادەیی لەخۆگرتنى ئۆجەلان درابوو، بەڵام لەگەڵ گەیشتنى بەو وڵاتە ئۆجەلان ئاگادارکرایەوە کە دەبێت لەماوەى ٣ کاتژمێردا یۆنان بەجێبهێڵێت، ئۆجەلان لەو بارەیەوە دەڵێت: سەرۆکى دەزگاى سیخورى یۆنان پێى راگەیاندم کە دەبێت لەماوەى سێ کاتژمێردا یان دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ سوریا یاخود وڵاتێکى دیکە هەڵبژێریت" بۆیە بە ناچارى ئۆجەلان روەو مۆسکۆ رێدەکات. 

ئۆجەلان دواى ئەوەى داواى مافى پەنابەرێتى لە روسیا دەکات، بەڵام داواکەى رەتدەکرێتەوە، تەنانەت پەرلەمانى ئەو کاتەى روسیا بە دەنگى ٢٩٨ ئەندام مانەوەى ئۆجەلان پەسەند دەکەن، بەڵام سەرۆکى روسیا "Boris Yeltsin" ئیمزا لەسەر مانەوەى ئۆجەلان ناکات و بۆیە بە ناچارى لە دواى ٣٣ رۆژ مانەوەى لە مۆسکۆ ئۆجەلان روسیاش جێدەهێڵێت بەرەو ئیتاڵیا.

هۆکارى رەتکردنەوەى ڕوسیا بۆ قبوڵکردنى مانەوەى ئۆجەلان لە خاکەکەیدا ئەوەبوو کە ئەگەر مۆکسۆ رێگربێت لە مانەوەى ئۆجەلان لە خاکەکەیدا ئەوا سندوقى دراوى نێودەوڵەتى بڕى ١٠ ملیار دۆلار قەرزى پێدەدات و تورکیاش هەموو پشتگیرییەکانى بۆ چەکدارانى چیچان کە لە شەڕێکى گەورەدابون لەگەڵ روسیا دەبڕێت.

ئۆجەلان دواى جێهێشتنى روسیا دەچێتە ئیتاڵیا و یۆنان و هەوڵیش دەدات بچێتە ئەڵمانیا بۆ ئەو مەبەستەش داواى مافى مانەوە لە دەسەڵاتدارێتى بەرلین دەکات، بەڵام لەلایەن ئەڵمانیاوە رەتدەکرێتەوە، لەو کاتەشدا کە ئۆجەلان لە ئیتاڵیا دەبێت، لە وەڵامى دەزگا پەیوەندیدارەکانى ئیتاڵیا بۆ راوێژکردن لەسەر رادەستکردنەوەى بە تورکیا لە ١٤ ى تشرینى دوەمى 1998 راوێژکارى وه‌زاره‌تى دادى ئیتاڵیا Carleone ده‌ڵێت:"ئیتاڵیا که‌سێک راده‌ست ناکات که‌ رووبه‌ڕووى سزاى مردن بوبێته‌وه‌" دواى رۆژێک تورکیا هەڕەشەى ئابڵوقەى لە ئیتاڵیا کردو لە ژووره‌کانى بازرگانى تورک ”TOBB و ITO”ده‌ستیان به‌که‌مپینى ده‌سته‌وه‌ستان له‌دژى شتومه‌کى ئیتاڵیا کرد. 

ئۆجەلان لەو ماوەیەى لە ئیتاڵیا بوو داواى لە چەندین وڵاتى ئەوروپا کرد کە مافى پەنابەرى پێ بدەن، لەوانە وڵاتەکانى  فینله‌ندا – نه‌رویج – نه‌مسا و چەند وڵاتێکى دیکەش بەڵام سەرجەمیان داواکەیان رەتکردەوە، ئۆجەلان لەو بارەیەوە وتویەتى:" ماف و دیموکراسى ئه‌وروپا لەکاتى کێشەى کورددا کۆتایی هاتوە، ئەوان هێزى کوردیان بۆ سودەکانى خۆیان لە رۆژهەڵاتى ناوەراست بەکارهێنا".

لە ١٦ ى کانونى دوەمى ١٩٩٩ و یەک مانگ پێش دەستگیرکردنى، کۆنسەى بەڕێوەبەرى کەجەکە دەیەوێت ئۆجەلان لە ماڵەکەى خۆیەوە لە ئیتاڵیا بگەیەنێتە قەندیل، لەو دەمەدا ئاژانسى هه‌واڵى تایبه‌تى ئیتاڵیا هه‌واڵى هاتنە دەرەوەى ئۆجەلانى له‌ماڵه‌که‌ى له‌گه‌ڕه‌کی”İnfernetto” نزیکى رۆما به‌ هه‌موو دنیا گه‌یاند. 

موراد قەرەیلان هاوسەرۆکى پێشوى کەجەکە لەو بارەیەوە وتویەتى:"ویستمان بە ئاسمانى ئێراندا رێبەرى پەکەکە بهێنینه‌ چیا، بۆ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێراندا دیدارم سازدا، به‌ڵام داواکه‌یان په‌سند نه‌کردین.  پێموتن: "ئەمڕۆ سەرەى ئێمەیە، بەڵام دواى ئێمە سەرەى ئێوە و عێراقیش دێت".

ئۆجەلان دواى ئەوەى دەچێتە روسیاى سپى پاشان لەسەر بەڵێنى کاربەدەستە باڵاکانى یۆنان دەگەڕێتەوە ئەسینا و دواتر بەڵێنى پێدەدرێت کە بپارێزرێت و لە رێگەى پاسپۆرتى ئەفریقییەوە بۆ ماوەى ١٥ رۆژ بچێتە کینیا و لەوێ بمێنێتەوە لە شوێنێکى ئەمنى و پارێزرا و کە لە کۆندا یۆنانییەکان تێیدا باڵادەستبوون، بۆ هۆیەشەوە ئۆجەلان ئەسینا بەرەو کینیا جێدەهێڵێت و لە فرۆکەخانە لەلایەن باڵیۆزى یۆنان له‌ کینیا Kostulas پێشوازى له‌ ئۆجەلان دەکرێت و پێکه‌وه‌ دەچنە ته‌لارى باڵیۆزخانه‌که‌وه‌. به‌ڵام پاش که‌مێک راسته‌وخۆ فه‌رمان دەکرێت کە دەبێت ئۆجەلان تا ١٥ ى شوبات باڵیۆزخانەکە جێبهێڵێت ئه‌گه‌رنا به‌زۆر ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن، ئۆجەلان دەڵێت ئەگەر لە باڵیۆزخانەکە دەرنەچوینایە پێدەچوو شەڕ بهێنرێتە ناوچەکە و دەکوژراین.

لە رۆژى 15ى شوبات هێزه‌کانى ئاسایشى کینیا دەچنە نێو باخچه‌ى باڵێۆزخانه‌ى یۆنان، لەو کاتەدا کاربەدەستە باڵاکان دەڵێت نامانەوێت خوێن برژێت، بۆیە ئۆجەلان داوا دەکات لە رێگەى حەسانەى باڵیۆزخانەکەوە ببرێت بۆ فڕۆکەخانە، بەڵام داواکارییەکەى رەتدەکرێتەوە و ناچارده‌کرێت که‌ سوارى ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ ببێت که‌ ده‌ستنیشانیان کردووه‌ و رێگه‌ نادرێت هاوڕێکانى له‌گه‌ڵ‌ى بن. دواى ئه‌وه‌ى ئۆجالان ده‌چێته‌ ناو ئۆتۆمبێله‌که‌وه‌ سێ پۆلیس به‌ناوى (پۆلیسى باڵیۆزخانه‌)ه‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو هه‌مان ئۆتۆمبێله‌وه‌. قافڵه‌ پێنج ئۆتۆمبیلییه‌که‌یان ده‌که‌وێته‌ڕێ و پاش ماوه‌یه‌کى کورت ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ى ئۆجالانى تێدایه‌ له‌ قافڵه‌که‌ داده‌بڕێت و به‌ره‌و فڕۆکه‌خانه‌ى سه‌ربازى ده‌چێت، بۆ ئەوەى ئۆجەلان ئاگادارى رەوشەکە نەبێت لەناو فرۆکە دەرزییەکى بێهۆشکەرى لێدەدەن.

تەنانەت ئۆجەلان بە پشت بەستن بەو بیرەوەریانەى دواتر بیرى هاتۆتەوە دەڵێت لەناو فرۆکەکە هه‌ندێک که‌سى چاوشین و قژ زه‌رد و هه‌ندێکى دیکه‌ش گه‌نم ره‌نگ و باڵابه‌رز هه‌بوون به‌چه‌کى ئۆتۆماتیکیه‌وه‌، هه‌ستم ده‌کرد له‌ ئاماده‌باشیدان. ئه‌گه‌رێکى به‌هێزى ئه‌وه‌ هه‌بوو که‌ ئه‌مانه‌ ئه‌ندامانی”CIA و MOSSAD”بن, هێزى تایبه‌تى تورک له‌ فڕۆکه‌که‌دا خۆیان به‌سه‌رمدادا و رایانکشاندم هه‌موو شتومه‌که‌کانیان گرتم و یه‌کسه‌ر به‌ستمیانه‌وه‌. به‌تیپى پان چاویان به‌ستم و له‌به‌شى دواوه‌ى فڕۆکه‌که‌وه‌ دایاننام. فڕۆکه‌که‌ دوجار نیشته‌وه‌ یه‌که‌م جار له‌میسر دوه‌مجار یان له‌ ئیسرائیل بو یان له‌ قوبروس بو.

ئۆجەلان لەبارەى گەیشتنى بە دورگەى ئیمراڵى وتویەتى:" کاتێک منیان گەیاندە دورگەى ئیمراڵى لە رێگەى کەشتیەوە رۆژى ١٦ ى شوبات بوو.

ئەمڕۆ ٢٠ ساڵە ئۆجەلان لە زیندانى ئیمڕاڵیدایە و بەهۆى ئەو گۆشەگیرییەى خراوەتە سەرى و رێگە نادرێت پارێزەرانى و کەسوکارەکەى ببینرێت، مانگرتنێکى سەرتاسەرى دەستى پێکردوە و لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتارى هەدەپە بەو هۆیەوە ئەمڕۆ ١٠٠ رۆژە نانى نەخواردوەو مانگرتنى راگەیاندوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP