دوای 12ساڵ یەکێتی دەڵێت عارف قوربانی ھەق بوو

- 2/14/2019 8:49:00 PM 129438 جار خوێندراوەتەوە
سەعدی پیرە ، عارف قوربانی

خەندان -ئەحمەد مستەفا

وته‌بێژى یه‌كێتى ده‌ڵێت، ئێستا و پاش 12 ساڵ یه‌كێتى و پارتى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر پڕۆژه‌ پێشنیاركراوه‌كه‌ى نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس عارف قوربانى، كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى دۆخى كه‌ركوك پێشكه‌شى یه‌كێتى و لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانى كردبو، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ناوبراو نه‌ك گوێى لێنه‌گیرا، به‌ڵكو له‌ كاره‌كه‌ى ئه‌وكاتى دورخرایه‌وه‌، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌له‌فزێونى كه‌ركوك بو.

 یه‌كێتى گوێى لێنه‌گرت و سزایدا

لەمیانی به‌شداریكردنى له‌ چاوپێکەوتنێکی کەناڵی "کەی ئێن ئێن"ى سه‌ربه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، لەساڵى 2007 پڕۆژه‌یه‌ك بۆ دۆخى كه‌ركوك له‌لایه‌ن نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس عارف قوربانى پێشكه‌ش به‌ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى كرا، به‌ڵام ئه‌وكات یه‌كێتى گوێى لێنه‌گرت و سزایدا، پێموایه‌ ئێستا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌.

وتیشى، پێویستە کورد گرنگی زیاتر بە به‌شدارى پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک بدات و هەمو مافێکی هاوڵاتیبونیان بۆ دابین بکات.

ئەوانەی رێگرن لەبەردەم پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی ئەو شارە، ئەوانەن کە لەدەرەوەی کەرکوک دەژین

پیرە، لەبارەی ڕێگرییه‌كانى پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی کەرکوک وتى، ئەوانەی رێگرن لەبەردەم پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی ئەو شارە، ئەوانەن کە لەدەرەوەی کەرکوک دەژین و بەریەککەوتنى ڕۆژانه‌ى راستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتیانی شارەكه‌ نیە. 

وته‌بێژى یه‌كێتى لەبارەی پرۆژەکه‌ی نوسەر و رۆژنامەنوس عارف قوربانی ده‌ڵێت، له‌ ساڵی 2007 بۆ پرسی کەرکوک و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی ئەو شارە پڕۆژه‌یه‌ك پێشکەشی لایەنەکان کرابو، نەک کار بەو پرۆژەیە نەکرا بەڵکو ناوبراو سزاشدرا.

پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت پڕۆژه‌كه‌م ده‌رچه‌یه‌ك بوه‌ بۆ باشكردنى دۆخى كه‌ركوك

لەلایه‌كى دیكه‌وه‌، عارف قوربانی نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس له‌باره‌ى پڕۆژه‌كه‌ى به‌ خەندان-وت، سوپاسى كاك سه‌عدى ده‌كه‌م كه‌پاش ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت پڕۆژه‌كه‌م ده‌رچه‌یه‌ك بوه‌ بۆ باشكردنى دۆخى كه‌ركوك، هه‌روه‌ك چۆن له‌ كاتى خۆیدا پرۆژەكەم پێشکەشی تەواوی لایەنەکان کرد و لەمیدیاکانیش بڵاومکردەوە، بەڵام بەداخەوە نەک رەتکرایەوە بەڵکو بەتوندیش وەڵامیاندامەوە و لەکەرکوکیش دەرکرام.

قوربانی پێیوایە هێشتا رێگەچارەی زۆر هەیە بۆچارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و پێویستە لایەنەکان بەچاوی بەرپرسیارێتییەوە سەیری دۆخەکە بکەن.

پێویستە دانیشتنەکە لەکەرکوک ئەنجامبدرێت

لەبارەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و دیاریکردنی پارێزگار بۆ شارەكه‌، عارف قوربانی وتی،  پێویستە دانیشتنەکە لەکەرکوک ئەنجامبدرێت، چونکە ئه‌گەر ئەنجومەنی پارێزگا لەدەرەوەی کەرکوک هەر بریارێک بدات شەرعیەتی نابێت، پێكهاته‌كانى عەرەب و تورکمان بەشداری ناکەن.

هاوکات ئەوەشی ئاشکراکرد، گەر کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەهەولێر ئەنجامبدرێت، تەنها کۆبونەوەی لیستی برایەتی دەبێت، ئه‌وه‌ش دەبێتە بڕیارێكى تاک لایەنە، بریاری تاک لایەنەش بۆ هیچ کەس و لایەنێک ناچێتەسەر.

لەبارەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پرسە پەیوەندیدارەکانی كه‌ركوك، قوربانی ده‌ڵێت، پارتی و یەکێتی تا ئێستا نەگەشتونەتە رێککەوتن و هۆکارەکەشی بۆ نەبونی متمانە لەنێوانیاندا دەگه‌ڕێتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP