پێش کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

- 2/13/2019 3:56:00 PM 5544 جار خوێندراوەتەوە
ئەرشیف، کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی

خەندان-

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، بەر لە کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.
 
سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاندوە، لە دو رۆژی داهاتودا شاندی باڵای یەكێتی و پارتی بۆ تاوتوێكردنی دواین رەشنوسی پڕۆژە سیاسییەكەی نێوانیان كۆدەبنەوە.

شاندی باڵای پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات لە سلێمانی

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەکە رۆژی هەینی بەڕێوەدەچێت و شاندی باڵای پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات لە شاری سلێمانی.

سەعدی پیرە وتیشی، ئامانج لەكۆبونەوەكە گفتوگۆكردنە لەسەر پرۆژەی سیاسی نێوانیان و رەشنوسی كۆتایی، کە پێنجی ئەم مانگە لەسەری رێکكەوتن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەسەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و ئامادەبونی سەرۆک بەرهەم ساڵح کۆبۆوە و پاشتر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەندە بە ئیمزاكردنی رێكکەوتنی یەكێتی‌ و پارتی

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، یەکێتی كۆبونەوەی (18ی شوبات)ی پەرلەمانی كوردستان بەندە دەکات بە ئیمزاكردنی رێكکەوتنامەی سیاسی نێوان یەكێتی‌ و پارتی، وەك یەك پاكێچ بۆ هەرێم‌ و بەغداد‌ و كەركوك‌ و پرسە نەتەوەیی‌ و نیشتمانیەكان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندار بە پرۆسەی سیاسی‌ و حوكمڕانی‌ و بەدیهێنانی شەراكەتی ڕاستەقینە لە بڕیاردان‌و ڕاپەراندنی ئەركەكاندا. 

یەکێتی دەشڵێت، دۆخی كەركوك‌و ناوچە كوردستانیە دابرێنڕاوەكان بەوردی هەڵسەنگێندرا، مەكتەبی سیاسی پرسەكە، وەك پرسێكی نیشتمانیی‌و نەتەوەیی دەبینێ‌و بەرپرسیارێتی هەموو هێزە كوردستانیە تێكۆشەرەكانە هەوڵی چارەسەركردنی دۆخی نائاسایی ئەو ناوچانە بدەن. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP