یه‌كێتى: كۆبونه‌وه‌ى په‌ڕله‌مان به‌نده‌ به‌ ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتى

- 2/13/2019 1:44:00 PM 6535 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی یەکێتی

خەندان -

مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ڕاگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان بەندە بە ئیمزاكردنی رێككەوتنامەی سیاسی لەنێوان یەكێتی‌ و پارتی.

كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمان بەندە بەئیمزاكردنی رێككەوتنامەی سیاسی یەكێتی‌ و پارتی

ئەمڕۆ چوارشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەسەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و ئامادەبونی سەرۆک بەرهەم ساڵح کۆبۆوە،  مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى ده‌شڵێت، ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش وەك یەك پاكێچ بۆ هەرێم‌ و بەغداد‌ و كەركوك‌ و پرسە نەتەوەیی‌ و نیشتمانیەكان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندار بە پرۆسەی سیاسی‌ و حوكمڕانی‌ و بەدیهێنانی شەراكەتی ڕاستەقینە لە بڕیاردان‌ و ڕاپەراندنی ئەركەكاندا بێت.

پێویستە سامان‌و سەروەتی هەرێم بخرێتە خزمەتی دابینكردنی گوزەرانی باشترو خزمەتگوزارییەكان‌و ئارامی‌ بۆ خەڵك

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەوەشدەخاتەرو، دۆخی كەركوك‌ و ناوچە كوردستانیە دابرێنڕاوەكان بەوردی هەڵسەنگێندرا، مەكتەبی سیاسی پرسەكە، وەك پرسێكی نیشتمانیی‌ و نەتەوەیی دەبینێ‌ و بەرپرسیارێتی هەموو هێزە كوردستانیە تێكۆشەرەكانە هەوڵی چارەسەركردنی دۆخی نائاسایی ئەو ناوچانە بدەن.

ده‌قى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

سەعات (11)ی پێشنیوەرۆی ئەمرۆ ( 13ی شوبات 2019)، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی‌و بەئامادەبوونی هەڤاڵ د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی كۆبوەوە. 

 تاوتوێكردن‌و هەڵسەنگاندنی پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی لە عێراق، دۆخی سیاسی‌و گفتوگۆكان بۆ رێكەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و پارتی بۆ پرسەكانی پەیوەست بەغداد‌و كەركوك‌و پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە بوون. 

  لەكۆبونەوەكەدا جەختی كرایەوە، كۆبونەوەی (18ی شوبات)ی پەرلەمانی كوردستان بەندە بە ئیمزاكردنی رێكەوتنامەی سیاسی لەنێوان یەكێتی‌و پارتی، وەك یەك پاكێچ بۆ هەرێم‌و بەغداد‌و كەركوك‌و پرسە نەتەوەیی‌و نیشتمانیەكان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندار بە پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی‌و بەدیهێنانی شەراكەتی ڕاستەقینە لە بڕیاردان‌و ڕاپەراندنی ئەركەكاندا. بۆ ئەمە مەبەستە مەكتەبی سیاسی هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ رێكەوتنی سیاسی گشتگیر لەنێوان یەكێتی‌و پارتی دووپاتكردەوە. 

دۆخی كەركوك‌و ناوچە كوردستانیە دابرێنڕاوەكان بەوردی هەڵسەنگێندرا، مەكتەبی سیاسی پرسەكە، وەك پرسێكی نیشتمانیی‌و نەتەوەیی دەبینێ‌و بەرپرسیارێتی هەموو هێزە كوردستانیە تێكۆشەرەكانە هەوڵی چارەسەركردنی دۆخی نائاسایی ئەو ناوچانە بدەن. 

 لەبەشێكی تری كۆبونەوەكەدا ژیان‌و گوزەرانی خەڵك قسەو باسی لەبارەوە كرا، دووپاتكرایەوە پێویستە سامان‌و سەروەتی هەرێمی كوردستان بخرێتە خزمەتی دابینكردنی گوزەرانی باشترو خزمەتگوزارییەكان‌و ئارامی‌و ئاسایش بۆ خەڵكی كوردستان بەبێ‌ جیاوازی. 

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
13/2/2019



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP