موچەی وەزارەتێک دابەشدەکرێت

- 2/13/2019 8:34:00 AM 44242 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دابەشکردنی موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردو بە سیستمی کۆن بەردەوامە و ئەمڕۆ چوارشەممە موچەی وەزارەتێکی دیکە دابەشدەکرێت. 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە موچەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
 
لە سەرەتای ساڵی 2016 ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بە سیستەمی پاشەکەوتی موچە دەکات و مانگانە بڕێک لە موچەی فەرمانبەران پاشەکەوت دەکات، بە ئامانجی "کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهات".

تا ئێستاش دیارنیە کەی کۆتایی بە سیستمی پاشەکەوتی موچە دەهێندرێت، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن، دوای ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2019ی عێراق گۆڕانکاری بەسەر سیستمی پاشەکەوتەکەدا دێت.

ساڵی رابردوو وەزارەتی دارایی نۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دابەشکرد، بەر لە کۆتایی هاتنی ساڵیش رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری رایگەیاند، دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 لە ساڵی 2019 دا دابەشدەکرێت، تا ئێستاش دابەشکردنی ئەو سێ موچەیە کۆتایی نەهاتوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP