زانیارى نوێ له‌سه‌ر هاوتاكردنى موچه‌ى وارسى شه‌هیدان

- 2/12/2019 9:42:00 PM 6514 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لەهێنانەوەی تەرمی شەهیدان

خه‌ندان - ئەحمەد مستەفا

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى شه‌هیدانی حکومەتی هەرێم ڕایگه‌یاند، ناوى وارسى 108هه‌زار له‌ كه‌سوكارى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى ماوه‌ى 70 ڕۆژه‌ له‌ به‌غدایه‌. 

فوئاد عوسمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ خه‌ندان-ى ڕاگه‌یاند، لیژنه‌ى هه‌ماهه‌نگى نێوان وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى حكومه‌تى هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕێككاره‌كانى گواستنه‌وه‌ و پێدانى موچه‌ى وارسى كه‌سوكارى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسین له‌حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بۆ حكومه‌تى عێراق و 70 ڕۆژه‌ ناوه‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت. 

لیژنه‌كه‌ پێنج كه‌س تێیدا ئه‌ندامن کە دو ئەندامیان نوێنەری وەزارەتی شەهیدانە

وتیشى، لیژنه‌كه‌ پێنج كه‌س تێیدا ئه‌ندامن كه‌ وه‌زاره‌تى شه‌هیدان هه‌ریه‌ك له‌ نوێنه‌رى خزمه‌تگوزارى و یاساى و ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى زیندانیانى سیاسى و نوێنه‌رى ڕێكخراوى شه‌هیدان له‌ عێراق و ئه‌منیدارێتى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق پێكهاتون و له‌سه‌ر داواى ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران چه‌ند په‌ڕله‌مانتارێكیش بۆ هه‌ماهه‌نگى لیژنه‌كه‌ زیادكراون.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شیخسته‌رو، له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا هه‌وڵ و ڕاسپارده‌ى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان ئه‌وه‌یه‌ مینحه‌ و سه‌رجه‌م موچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى له‌ حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بگوازینه‌وه‌ بۆ سه‌ر حكومه‌تى عێراق و پاشتر له‌ هه‌نگاوى دوه‌مدا به‌پێى یاسا به‌ركاره‌كانى هه‌رێم و به‌غدا، كار بۆ زیادكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ى جیاوازى موچه‌ بكرێت نەک هاوتاکردن.

تائێستاش كاتێك دیارینه‌كراوه‌ بۆ ته‌واوكردنى كارى لیژنه‌كه‌

فوئاد عوسمان ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شكرد، دو یاساى جیاواز له‌ هه‌رێم و ناوه‌ند كاریان پێده‌كرێت و كه‌سوكارى شه‌هیدان له‌ هه‌رێم به‌راورد به‌ عێراق ڕێژه‌یه‌كى زۆر جیاوازییان له‌ڕوى موچه‌ و پارێزبه‌ندى ژیان هه‌یه‌.

وته‌بێژه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شیخسته‌رو، تائێستاش كاتێك دیارینه‌كراوه‌ بۆ ته‌واوكردنى كارى لیژنه‌كه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕێككاره‌كانى كۆتاى هاتنى پشكنین و ڕه‌زامه‌ندى كۆتاى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق پاڵپشت به‌ یاسا ده‌رچوێندراوه‌كه‌ى په‌ڕله‌مان، ناردنى موچه‌كه‌ ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكى كردارى.  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP