چوارهەزارو 90 خێزانی سودمه‌ندبوی گوندی كۆری داوای زه‌وی ده‌كه‌ن

- 2/12/2019 9:27:00 PM 1619 جار خوێندراوەتەوە
خۆپیشاندان

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر
 
دوای زیاتر له‌ پێنج ساڵ چاوه‌ڕوانی چوار هەزارو 90 خێزانی سودمه‌ندبوی گوندی كۆری داوا ده‌كه‌ن له‌ شوێنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێونه‌كانیان زه‌ویان پێبدرێت .

شوان محه‌مه‌د نوێنه‌ری سودمه‌ندبوانی گوندی كۆری به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند ، كێشه‌ی سودمه‌ندبوانی گوندی كۆری ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبونیان بۆ دروستنه‌كراوه‌ تا ئێستا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، سه‌ردانی پارێزگا و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانمان كردوه‌، تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكی ئیجابیمان وه‌رنه‌گرتوه‌، پێمان ده‌ڵێن چاوه‌رێ بكه‌ن .

تا ئێستا 10 بۆ 12 كۆبونه‌وه‌مان كردوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مو كۆبونه‌وه‌یه‌ك پێشنیاری ئێمه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌

وتیشی، ئێمه‌ داوامان كردووه‌ له‌ شوێنی خۆمان زه‌ویمان پێبده‌ن، ئه‌و كاتەی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبونمان بۆ ده‌رچوو شوێنه‌كه‌ ستراتیژی نه‌بو، زه‌ویه‌كان بۆ ئێمه‌ بو ، ئێستا ستراتیژیه‌ زه‌ویمان پێناده‌ن، تا ئێستا 10 بۆ 12 كۆبونه‌وه‌مان كردوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مو كۆبونه‌وه‌یه‌ك پێشنیاری ئێمه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ زه‌وی له‌ شوێنی خۆی پێمان بدرێت .

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، نوسراوی فه‌رمی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانم له‌لایه‌ ته‌نها قه‌ره‌بوی حەوت هه‌زار دۆلار بكرێینه‌وه‌ هیچ نوسراوێكمان له‌لا نیه‌ بۆ وه‌رگرتنی زه‌ویه‌كان، داوا ده‌كه‌ین زه‌ویه‌كان له‌ شوێنی خۆی پێمان بدرێت، ئه‌گه‌ر له‌و شوێنه‌ش پێمان ناده‌ن شوێنێكی باشمان بۆ دیاری بكه‌ن.

دوای زیاتر له‌ پێنج ساڵ ته‌نها هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون ته‌واو كراوه‌

نوێنه‌ری سودمه‌ندبوانی گوندی كۆری راشیگه‌یاند، له‌ كۆبونه‌وه‌كان پێمانوتراوه‌ له‌ شوێنی تر زه‌ویتان بۆ دیاریكراوه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین شوێنی ئه‌و زه‌ویانه‌ و كاتی دابه‌شكردنیان رابگه‌ینن، هه‌فته‌ی رابردو له‌گه‌ڵ پارێزگای هه‌ولێر كۆبوینه‌وه‌ كه‌ دوای دو رۆژی تر رایبگه‌ینن به‌ڵام تا ئێستا رانه‌گینراوه‌ ، بۆیه‌ به‌یانی گردبونه‌وه‌یه‌كی خێزانی هێمنانه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌نجام ده‌ده‌ین .

گوندی كۆری پرۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبونی تایبه‌ت به‌ كرێنیشینانه‌ له‌ شاری هه‌ولێر، دوای زیاتر له‌ پێنج ساڵ ته‌نها هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون ته‌واو كراوه‌ و راده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان كراوه‌ته‌وه‌ ، له‌ ئێستاشدا كاركردن له‌ پرۆژه‌كه‌ وه‌ستاوه‌ و زیاتر له‌ چوار هه‌زار خێزانیش چاره‌نوسی یه‌كه‌ نیشته‌جێبونه‌كه‌یان دیار نیه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP