دۆخی ڤەنزویلا ژنانی خاوەن بڕوانامەش ناچار بەلەشفرۆشی دەکات

- 2/12/2019 8:09:00 PM 80415 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - بەهمەن ئەحمەد
ڤەنزویلا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سەرەڕای دەوڵەمەندی بەنەوت و کانزاکان، بەڵام قەیرانی سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتە سەدان ژن و پیاوی ناچار بەهەڵهاتن کردوە، بەشێک لەو ژنانە لەبەرامبەر رزگاربون لەتوندوتیژییەکانی دەسەڵات و نەبونی ئازادی و دەرفەتی کار، ئێستا لەوڵاتانی دیکە کارى لەشفرۆشى دەکەن.

دایکی ئەو سێ منداڵە بێئومێدییەکی قوڵ بەئاوازی دەنگە بڕسکاوەکەیەوە دیاربو ناچاربوو بریاری لەشفرۆشی بدات

 

ماریزا پەرستارێکی خاوەن بڕوانامەیە، دوو ساڵ بەرلەئێستا وڵاتەکەی و دایکی و سێ مناڵی بەجێدەهێڵێت و رو لە کۆڵۆمبیا دەکات، ئەو وێنەی بەهەشتێکی لەخەیاڵی خۆیدا کێشابو، پێیوابو کرانەوەی دەرگاکانی کۆڵۆمبیا بەرویدا کرانەوەی دەرگای خۆشبەختی و رزگاربونی هەتاهەتاییە.

ماریزا پاش ئەوەی چەندینجار هەوڵی دەستکەوتنی کاردەدات و رەتدەکرێتەوە، ناچاربو گەورەترین بڕیار لەژیانیدا بدات کە تا ئێستا و لە ئایندەش کاریگەری بەسەر ژیانییەوە دەبێت.

دایکی ئەو سێ منداڵە "ماریزا" کە بێئومێدییەکی قوڵ بەئاوازی دەنگە بڕسکاوەکەیەوە دیاربو ناچاربوو بریاری لەشفرۆشی بدات، ئەو بەچاوی فرمێسکەوە ئەو چیرۆکە دەگێڕێتەوە.

وەک خۆی باسیدەکات خەفەت بۆ ئەو پێنج ساڵە دەخوات کە بەمەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامە بەسەری بردوە و دەلێت من خۆمم بۆ جێبەجێکردنی زانیاری و رێنماییە پزیشکییەکان ئامادەکردبوو کە لەژیانی خوێندن بەدەستمهێنابو.

ئەو کە فرمێسک لەچاوەکانی نەدەبڕا، وتی: بڕیاری بون بە لەشفرۆش و ئەوەی هەر شەوێک پیاوێک بناسیت و شەوی دواتر یەکێکی دیکە، کاریکی ئاسان نیە، ماریزا نمونەی ئەو سەدان هەزار ژن و پیاوەی ڤەنزویلایە کە پاش تەواوکردنی خوێندن بە بڕوانامەیەک و کۆڵێ خەونی رەنگاورەنگەوە دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەڵام قەیرانەکانی ڤەنزویلا و دۆخی خراپی سیاسی خەونەکانیان قڵپدەکاتەوە و ناچار بەبیرکردنەوە لەشوێنێکیان دەکات کە وەک خۆی دەلێت تێیدا شەوان خەڵکی بەدیار دوکانەکانەوە دەمانەوە تاکو تکتی کڕینی شتومەکەکان وەرگرن و دواتر تەنها بۆت هەبو شتی ناو دوکانەکە بکڕیت، نەک شتی دیکەی دەرەوە.

لەسەردەمی هوگۆ شاڤازدا خەڵکی ڤەنزویلا بۆ سەردان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش رویان لەکۆڵۆمبیا و وڵاتانی دیکە دەکرد نەک بۆ پێویستی ژیان و پەیداکردنی نان

 

لەڤەنزویلا پەرستارێک دەبێت ١٤ رۆژ بەبەردوامی و بەبێ دابڕان کاربکات تا پارەی کڕینی پاکەتێک ئارد پەیدادەکات.

پێشتر کاتێک ژیان باشتر بو لەسەردەمی هوگۆ شاڤازدا خەڵکی ڤەنزویلا بۆ سەردان و بەسەربردنی کاتێکی خۆش رویان لەکۆڵۆمبیا و وڵاتانی دیکە دەکرد نەک بۆ پێویستی ژیان و پەیداکردنی نان.

ماریزا دەڵێت ئەوەی من دەیکەم لەگەل بنەما ئەخلاقییەکان و کولتوری بنەماڵەکەشمدا یەکناگرێتەوە، ئەو بەدەنگێکی بڕسکاوەوە دەڵێت ئەگەر دایکم بزانێت ئازار دەچێژێت.

بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دونیا بەدەست قەیرانی دارایی و کەمدەرامەتییەوە دەناڵێنن، ئەوەی جێگای سەرنجە زیاتر ئەو وڵاتانە روبەروی قەیرانی دارایی بونەتەوە کە خاوەنی سامانی سروشتی زۆر و سەرچاوەی دارایی زۆرن. لێرەدا پرسیاری شیکەرەوە سیاسییەکان و خەڵکی ئاسایش ئەوەیە ئایا دەسەڵاتێکی تەندروست خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ هاوڵاتیانی وڵاتێک دەهێنێت یان سەرچاوەی زۆری سروشتی و ئابوری.

ڤەنزویلا تەنها وڵات نیە کە بەسیاسەتی ناتەندروست و حکومڕانی تاکڕەوانە و بڕیاری نابەجێی تاکەکەسی هاوڵاتیانى خۆیان ناچار بەراکردن و لەشفرۆشتن و بێئومێدی و ئازاری دەرونی کردبێت

 

لە ئێستادا کە ئەمەریکا سزای ئابوری بەسەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتەدا سەپاندوە و قەیرانە سیاسی و ئابورییەکان قوڵتربونەتەوە، رێژەیەکی زیاتر لەهاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بیر لەهەڵهاتن دەکەنەوە، سیاسەتی ناتەندروست وای لە هاوڵاتیانی وڵاتێکی خاوەن ٣ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دەکات بۆ نان و ژیانێکی سادە بیر لەهەڵهاتن بکەنەوە، کۆڵۆمبیا وەک وڵاتێکی دراوسێ ئەمڕۆ زیاتر هەست بەو راستییە تاڵەدەکات.

ڤەنزویلا تەنها وڵات نیە کە بەسیاسەتی ناتەندروست و حکومڕانی تاکڕەوانە و بڕیاری نابەجێی تاکەکەسی هاوڵاتیانى خۆیان ناچار بەراکردن و لەشفرۆشتن و بێئومێدی و ئازاری دەرونی کردبێت.

عێراقی سەردەمی سەدام و سوریای سەردەمی ئەسەد و میسری سەردەمی موبارەک و لیبیای سەردەمی قەزافی نمونەی ئەوجۆرە لەحکومڕانین.

هەڵهاتنی ماریزای پەرستار و  داواکاری گشتی پێشوی ڤەنزویلا و دەیان و سەدان خاوەن بڕوانامە بەڵگەی ناتەندروستی دۆخی سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتەیە کە تەنانەت زامنی ژیانی نوخبەشی نەکراوە.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمسیۆنی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتوەکان کە مانگی نۆڤەمبەری رابردوو بڵاویکردۆتەوە، زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی ڤەنزویلا وڵاتەکەیان بەجێهێشتوە و رویان لەکۆڵۆمبیا کردوە.


نیشانەکردن :

#کۆڵۆمبیا #ڤەنزوێلا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP