پارتێکی گەورەی ئەوروپی پەشیمانی وڵاتەکەی بۆ روخانی سەدام دەردەبڕێت

- 2/12/2019 7:28:00 PM 5962 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - بەهمەن ئەحمەد
پارتی خەڵکی دانیمارک پەشیمانی وڵاتەکەی لەپرۆسەی ئازادی عێراق و روخانی رژێمی سەدام نیشانداو رایگەیاند بەشدارییکردنی دانیمارک کارێکی هەڵەبو، چونکە لادانی سەدام بوەهۆی دروستکردنی نائارامی لەتەواوی ئەو وڵاتەدا.

بەشداریکردنی دانیمارک لەروخانی رژێمی عێراق بریارێکی هەڵەبوە و بەهۆیەوە گەلانی عێراق و ناوچەکەش روبەروی ئاژاوە و سەرئێشەی زۆر بونەتەوە

 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (sputniknews) پاش چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ ئاشکرابونی ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی گرنگ لەبارەی کاریگەرییەکانی بریاری بەشداریکردنی دانیمارک لەپرۆسەی هێرشکردنە سەر رژێمەکانی سوریا و ئەفغانستان و عێراق، پارتی خەڵکی دانیمارک کە پارتێکى راستڕەوە رایگەیاند: گەشتونەتە ئەو باوەڕەی، بەشداریکردنی دانیمارک لەروخانی رژێمی عێراق بریارێکی هەڵەبوە و بەهۆیەوە گەلانی عێراق و ناوچەکەش روبەروی ئاژاوە و سەرئێشەی زۆر بونەتەوە.

پارتی خەڵکى دانیمارک کە پارتێکى راستڕەوى کۆنەپارێزە، لەساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە و باوەڕی بە پاراستنی ئازادییەکان و دابونەریت و کولتوری کۆمەڵایەتی دانیمارکی و سروشتی خێزان و دیاردە ئاینییەکان هەیە، بۆ یەکەمینجار لەساڵی ١٩٩٨ بەشداری هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەی کردوە و لەماوەی بەشداریکردنی لەحەوت هەلبژاردنی پەرلەمانیدا ژمارەی کورسییەکانی لەهەڵکشاندایە و لە ئێستادا خاوەنی ٣٧ کورسی پەرلەمانی و ٢٢٣ کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکانە.

سۆرین ئێسپێرسین وتەبێژی کاروباری دەرەوەی پارتەکە بە رادیۆی فەرمی دانیمارکی رایگەیاندوە، بەدڵنیاییەوە نەدەبو دانیمارک بەشداری روخانی سەدام و رژێمە سێکیولارییەکانی دیکەی وەک موبارەک و قەزافی بکردایە، چونکە ئەو دۆخە شڵەقا و نائارامەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیبینین دەرئەنجامی ئەو بریارە ناتەندروستانەیە.

وتەبێژی پارتەکە ئەوەشی وتوە کە پارتەکەی و پەرلەمانی دانیمارک لەبارەی بونی چەکی کۆکوژ بەهەڵەدابراون و ئەو زانیارییانەی دراون لەو بارەیەوە راست نەبون.


نیشانەکردن :

#عیراق #سوریا #دانیمارك

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP