بەپەلە

عەرەب و تورکمانەکانى کەرکوک وەڵامى نوسراوێکى ڕێبوار تاڵەبانی دەدەنەوە

- 2/12/2019 6:23:00 PM 18721 جار خوێندراوەتەوە
کەرکوک

خه‌ندان - ئەحمەد مستەفا

رێبوار تاڵه‌بانى له‌ نوسراوێكدا بانگهێشتى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆكى ڕاسپێردراوى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ده‌ڵێت، بۆ كۆبونه‌وه‌ ناچینه‌ هه‌ولێر، عەرەب و تورکمانەکانیش دژى ئەو نوسراوەى رێبوار تاڵەبانى دەوەستنەوە.

بەپێی خشتەى كۆبونه‌وه‌كه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست خه‌ندان كه‌وتوه‌، ڕێبوار تاڵه‌بانى له‌باره‌ى تاوتوێكردنى دۆخى ئه‌منى وئیدارى پارێزگاكه‌  بەبێ باسکردن لە هەڵبژاردنی پارێزگار، داواى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن و بانگێهشتى ئه‌ندامه‌كانى ده‌كات بۆ 18ى مانگ بەبێ دیارییکردنى شوێنى کۆبونەوەکە .

گه‌ر كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت به‌شدارى ناكه‌ن

له‌باره‌ى نوسراوه‌كه‌، جه‌مال مه‌ولود، سه‌رۆكى ڕاسپێردراوى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك به‌ خه‌ندان-ى وت، "ئه‌ندامانى توركمان و لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك نوسراوێكیان پێداوین، گه‌ر كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت به‌شدارى ناكه‌ن".

وتیشى، "به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى لیستى برایه‌تیش، داوایانكردوه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌ناو بیناى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و له‌ كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێت بۆیه‌ بڕیاریشمان داوه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك نه‌چینه‌ هه‌ولێر".

سه‌رۆكى ڕاسپێردراوى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ده‌شڵێت، "ڕێبوار تاڵه‌بانى له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراوه‌، بۆیه‌ له‌ ڕوى یاسایى و ئیداریشه‌وه‌ له‌ كه‌ركوكیش ناتوانێت سه‌رۆكایه‌تى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا بكات، له‌باره‌ى گه‌رانه‌وه‌شى بۆ كه‌ركوك قسه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه‌، به‌ڵام ئاماده‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌". 

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر دیاریکردنی 18ى شوبات  بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رێککەوتن، به‌ڵام له‌سه‌ر شوێنى كۆبونه‌وه‌كه‌ لێدوانى جیاواز ده‌درێت.

ڕاى زۆرینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كارابونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كۆبونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌ كه‌ركوك بێت

 

جه‌مال مه‌ولود، سه‌رۆكى ڕاسپێردراوى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ده‌ڵێت، ده‌سته‌ى هه‌ماهه‌نگى نێوان پارێزگاكان و حكومه‌تی عێراقیش له‌دۆخى ئیداریى پارێزگاكه‌ ئاگادارن، ڕاى زۆرینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كارابونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كۆبونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌ كه‌ركوك بێت.

خەندان چەندینجار، پەیوەندیکرد بە ڕێبوار تاڵەبانی لەبارەی چۆنێتی و ڕێککارەکانی ئەنجامدانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و ڕایان لەسەر بەشداری لایەنەکانی نێو ئەنجومەن ودیاریکردنی شوێنی کۆبونەوەکە، بەڵام ناوبراو وەڵامی هیچکام لە پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ به‌پێى نوسراوێکی پارێزگاری کەرکوک کە ئاماژە بەنوسراوی ئەمینداری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کراوە تێیدا هاتوە " لەمەودوا رێبوار تاڵەبانی، ناتوانێت وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە وەکالەت کارەکان بەڕێبکات".

لە نوسراوەکەدا کە ئەمڕۆ 12ی شوباتی 2019 دەرچوە ئاماژەش بەوەکراوە کە "جەمال مەولود راسپێردراوە بۆ بەڕێوەبەردنی کارە هونەری و کارگێڕییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا، ئه‌وه‌ش بەهۆکاری ئەوەی داوای یاسایی لە دژی رێبوار تاڵەبانی تۆمارکراوە بۆیە ناتوانێت کاروباری پۆستەکە بەڕێوەبەرێت".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP