تورکیا زیاتر لەهەزار کەسی تر بەتۆمەتی هەوڵی کودەتا دەستگیردەکات

- 2/12/2019 4:41:00 PM 1928 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بەهمەن ئەحمەد

تورکیا فەرمانی گرتنی زیاتر لە هەزار کەسی دیکەی بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتاکەی ٢٠١٦ دەرکرد.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ سێ شەممە ١٢/٢/٢٠١٩ بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی فەتحوڵا گولەن و کودەتاکەی ٢٠١٦ حکومەتی تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەزارو 112 کەس دەرکردوە.
فەتحوڵا گولەن سەرۆکى بزوتنەوەى خزمەت بەئەنجامدانی کودەتیاکە تۆمەتبارکراوە

 

دوو ساڵ و نیو بەرلەئێستا لەهەوڵێکی شکستخواردوی کودەتایدا نزیکەی ٢٥٠ کەس کوژران و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا راستەوخۆ فەتحوڵا گولەن سەرۆکى بزوتنەوەى خزمەتى بەئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبارکرد کە لەساڵی ١٩٩٩ وە هەڵهاتوە و لە ئەمەریکا دەژی.

هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە ئەمڕۆ لەسەر داوای داواکاری گشتی ئەنقەرە دەستی پێکردوە و لەقۆناغی یەکەمدا  ١٢٤ کەس لە ٧٦ شارو ناوچەی جیاواز دەستگیرکراون.

حکومەتی تورکیا رایگەیاندوە تۆڕەکەی گولەن لەماوەی چەند دەیەی رابردودا دزەیان کردۆتە ناو دامەزراوە حکومییەکانی وەک ئاسایش و دەسەڵاتی دادوەری و وەزارەتەکان و زۆربەی ئەو کەسانەش بە ناپاکی لە تاقیکردنەوەکان یارمەتی دراون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP