هەواڵی ئەمڕۆ

وادەی ناردنی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە بەغداوە ئاشکراکرا

- 2/12/2019 4:01:00 PM 113399 جار خوێندراوەتەوە
بودجەی عێراق

خه‌ندان-ئەحمەد مستەفا

بڕیاردەری لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی عێراق راگەیاند، كۆتایى ئه‌م مانگە حكومه‌تى عێراق بڕى 522 ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێشمەرگە ره‌وانه‌ى هه‌رێمی کوردستان ده‌كات.

ئه‌حمه‌د حاجى ڕه‌شید، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایی له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ خه‌ندان-ى وت، "پاڵپشت به‌ جێگیكردنى پشكى هه‌رێم له‌ یاساى بودجه‌ى 2019ى عێراقدا و دواى بڵاوبونەوەی له‌ ڕۆژنامه‌ى وه‌قایعى عێراقی، حكومه‌تى و وه‌زارتى دارایی عێراق پابه‌ندن یه‌كه‌م بڕه‌ پاره‌ له‌ پشكى هه‌رێم لەکۆتای مانگی شوبات ڕه‌وانه‌ هەولێر بكه‌ن".

لەکاتی ناردنی پارە بۆ پارێزگاکانی دیکە بڕی 522 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ ڕێگرییه‌ك نییه‌ له‌به‌رده‌م نه‌ناردنى بڕه‌ پاره‌كه‌، لەکاتی ناردنی پارە بۆ پارێزگاکانی دیکە بڕی 522 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت". 

بڕیارده‌ى لیژنه‌ى دارایی په‌ڕله‌مان راشیگەیاند، هیچ هه‌وڵ و هه‌نگاوێكى دیكه‌ له‌سه‌ر كۆى پڕۆسه‌ى ناردنى نه‌وتى هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ ناردنى بودجه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراق له‌ ئارادا نییه‌، ته‌نها ئه‌مساڵ ئه‌و پاڵپشتیه‌ یاساییه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌نگى پێداوه‌ بوەته‌ ده‌قێكى یاسای بۆ ساڵى 2019.

رۆژی 10ى شوبات، یاسای بودجەی 2019ی عێراق لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقی بڵاوکرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی .4ی ئەم مانگە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق واژۆی لەسەر یاساکە کرد.

بودجەى ئەمساڵی عێراق بەبڕى 112 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە و پشکی هەرێمیش لە بودجەدا بە رێژەی لەسەدا 12.67 جێگیرکراوە، لە بەرامبەردا دەبێت هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەغداوە بفرۆشێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP