هێرشەکانی شەڕڤانان بۆ سەر كۆتا مۆڵگەكانی داعش بەردەوامە

- 2/12/2019 3:25:00 PM 2036 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێرشەکانیشەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی كۆتا قۆناغی هەڵمەتی "گەردەلولی جەزیرە" بۆ سەر چەکدارانی رێکخراوی داعش ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قۆناغی کۆتاییدایە .

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات، هێرشیان كردوەتە سەر کۆتا ناوچەی ژێر دەستی چەکدارانی داعش، بەپێی  چاودێری سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، پێكدادانەكانی نێوان شەڕڤانان و چەکدارانی داعش بونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 16 هاوڵاتی مەدەنی كە منداڵیشیان لەناودایە.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاندوە، پاش ئەوەی بۆ ماوەی هەفتەیەك لە هێرشەكانیان وەستاون تا مۆڵەت بدەن بە هاوڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچانە بڕۆنە دەرەوە، ڕۆژی شەممە 9-2-2019 لە هەرێمی باخۆزی قۆناغی کۆتایی هێرشەكانیان لە دژی چەکدارانی داعش دەستیپێکردوە، لە کۆتاییهێنان بە رێکخراوی داعش لە سوریا نزیکبونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، كۆتا روبەڕوبونەوە لەگەڵ داعش قۆناغێكی هەستیار دەبێت، بەهۆی ئەوەی گروپە چەكدارەكان خەڵكی مەدەنیان دەستگیركردوە و بەكاریانهێناون وەكو قەڵغانى مرۆیى.
كۆتا روبەڕوبونەوە لەگەڵ داعش قۆناغێكی هەستیار دەبێت
 
لە راگەیەندراوەکەی شەڕڤاناندا هاتوە، قۆناغی كۆتای زۆر بە وریاییانە ئەنجامدەدەن تا لە مەترسیەكانی زیانگه‌یاندن به‌خەڵكی مەدەنی ناوچەكە  بەدوربن.

رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری چاودێری سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند، "روبەروبونەوەكان بۆ فشارخستنە سەر چەكدارانی داعشە، تا خۆیان بدەن بە دەستەوە و هێزەكانی سوریای دیموكرات بە هێواشی دەرۆنە پێشەوە بەهۆی ئەو بەربەستانەی لە بۆمب  و قەناس و خەندەق كە لە لایەن چەكدارانی داعشەوە دروستكراوە".
روبەڕوبونەوەكان بۆ فشارخستنە سەر چەكدارانی داعشە، تا خۆیان بدەن بە دەست شەڕڤانانەوە

ئەوەش لەكاتێكدایە، شەڕڤانان رۆژی شەممە قۆناغی کۆتاییهاتنی هەڵمەتی "گەردەلولی جەزیرە"یان راگەیاند.

لە كۆتاییەكانی ساڵی 2013 دا چەكدارانی رێكخراوی داعش دەستیانكرد، بە كۆنترۆڵكردنی خاكی سوریا و عێراق، روبەڕێکی فراوانی سوریایان داگیرکرد، ناوچەکانی ژێر دەستی داعش گەیشتبوە 130 هەزار كیلۆمەتر دوجا.

قۆناغەكانی رزگاركردنی باكور و رۆژهەڵاتی خاكی سوریا لە كانتۆنی كۆبانێ-وە دەستیپێكرد، لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گه‌ل و ژنان و خەڵكی ئەو ناوچانە، دواتر و پاش دروستبونی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە بەرواری 11ی تشرینی یەكەمی 2015دا، قۆناغەكانی رزگاركردن گەیشتە ناوچەی ئەل-هۆل و رەققە و لە ئێستاشدا ناوچەی جەزیرە.

هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لە پێكهاتەكانی خەڵكی سوریا  و بە رێبەرایەتی شەڕڤانانی كورد لەو ناوچەیە پێكهاتوە، دەستیانكردوە بە رزگاركردن و گەڕاندنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی چەكدارانی داعش و رزگاركردنی خەڵكی مەدەنی لەو ناوچانەدا.


نیشانەکردن :

#شەڕڤانان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP