هەواڵی ئەمڕۆ

کۆمەڵ: بەشداری کۆبونەوەکە دەکەین
پارتی: لایەنە سیاسیەکان لەسەر ئەنجامدانی کۆبونەوەی پەرلەمان کۆکن

- 2/12/2019 2:16:00 PM 3839 جار خوێندراوەتەوە
لۆگۆی پاتی و کۆمەڵ

خەندان-

کۆبونەوەی شاندی باڵای پارتی و کۆمەڵی ئیسلامی کۆتایی هات و دوای کۆبونەوەکە وتەبێژانی هەردو حزب ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان ئاشکراکرد.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە کۆبونەوەکە گفتوگۆی دوردرێژکرا لەبارەی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانی پارتی و کۆمەڵی ئیسلامی، پەیوەندی ئێمە و کۆمەڵ مێژوییە هەرچەندە هەوراز و نشێوی بەخۆوە بینیوە، بەڵام لە هەمو حاڵەتێکدا هەردولامان هەوڵمانداوە باش بێت و لەمەودواش هەوڵدەدەین پەیوەندیەکانی پارتی و کۆمەڵ جیابکەینەوە لە حکومەت".
پەیوەندی ئێمە و کۆمەڵی مێژوییە، هەرچەندە هەوراز و نشێوی بەخۆوە بینیوە

ئاماژەی بەوەشکرد، "دواکەوتوین بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، بۆیە هەوڵەکان بۆ ئەوەیە 18ی مانگ پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و هەموو لایەنەکان بەشداری تێدابکەن و سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و دواتر ئۆرگانەکانی دیکە کە پێویستن دیاریبکرێن".
لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەم دواکەوتوین 

لەبارەی پەیوەندیەکانی حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان وتەبێژی پارتی وتی، "ئەوکات و ئێستایش کۆبونەوەکان هاوتەریب بەڕێوەدەچن، بەڵام مەرج نیە هەندێک لە کۆبونەوەکان بۆ راگەیاندن بێت هەم لەگەڵ یەکێتی هەم لەگەڵ گۆڕان، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لێکتێگەیشتنمان یەکجار زۆرە و زۆریش لێکنزیکین و لە قۆناغەکانی کۆتاییداین".
لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لێکتێگەیشتنمان یەکجار زۆرە

هاوکات رێبوار حەمەد، وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی لە کۆنگرەکە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند، "کۆبونەوەیەکی باشمان کرد و تەوەری سەرەکی پەیوەندی سیاسی هەردوولا بو، هەم لای ئێمە و هەم لای پارتی ئەو نیەتە سیاسیە هەیە کە پەیوەندیەکانمان ببەینە قۆناغێکی باشتر لەوەی کە هەبوە".
کۆبونەوەیەکی باشمان لەگەڵ پارتی ئەنجامدا

لەبارەی بەشداریکردنی کۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی کوردستان رێبوار حەمەد وتی، "بەدڵنیایی بەشداری لە کۆبونەوەکەدا دەکەین، بەڵام هەڵوێستمان چۆن دەبێت ئەوە دوای گفتوگۆکان لە ناوخۆدا و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەردەکەوێت".
بەدڵنیایی بەشداری لە کۆبونەوەی پەرلەماندا دەکەین

کۆبونەوەی ئەمڕۆی شاندی پارتی و دوەم کۆبونەوەی ئەو دوو حزبەیە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو شاندی باڵای پارتی سەردانی کۆمەڵیان کرد و لەگەڵ عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کۆبونەوە.

رێبوار حەمەد راشیگەیاند، "تا ئێستا پرسی ئۆپۆزسیۆن بونی کۆمەڵی ئیسلامی کراوەیە و لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵ بڕیارماندا یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە بکەینە دوای بەرچاو رونی و ئەم کۆبونەوانە زیاتر بەرچاو رونیمان دەدەنێ، گرنگ ئەوەیە ئێمە لەسەر پڕەنسیپەکانی خۆمان سورین".
تا ئێستا پرسی ئۆپۆزسیۆن بونی کۆمەڵی ئیسلامی کراوەیە

وتەبێژی پارتی جەختی کردەوە، "هەموو لایەنەکان کۆکن کە دەبێت کۆبونەوەی 18ی  مانگی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامبدرێت، یەکێتیش تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی پیشان نەداوە کە بەشداری کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ناکات".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP