"لە رێکەوتنەکە پاشگەز دەبێتەوە"
پارتی بە جێبەجێکردنی پلانی B "یەکێتی غافڵگیر" دەکات

- 2/12/2019 12:43:00 PM 137201 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت چڕکردوەتەوە، بەڵام لە رێکەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی پاشگەزدەبێتەوە و کار بە پلانی B دەکات، دەیەوێت یەکێتی ناچاربکات دەستەبەرداری یەکپاکێجی هەرێمی کوردستان، کەرکوک و بەغدا ببێت.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، پارتی دەیەوێت رەوڕەوی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم خێراتر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش کار بە پلانی B دەکات و ئامانجێتی بەهەرجۆریک بێت کۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاریبکرێت تەنانەت بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنی یەکێتی.

پارتی دەیەوێت بە هەرجۆریک بێت کۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، پارتی دەیەوێت لە دەرەوەی یەکێتی و لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و پێکهاتەی تورکمانەکان بگاتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، ئەوەش لەکاتێکدایە رۆژی پێنجی ئەم مانگە، پارتی و یەکێتی گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی پێکهینانی کابینەکە، پارێزگاری کەرکوک و بەغدا. 

پارتی دەیەوێت لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و پێکهاتەی تورکمانەکان بگاتە رێککەوتن

خەندان زانیویەتی، "پارتی جددی نیە لەسەر جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی پاشگەزبوەتەوە و دەیەوێت ئەو حزبە غافڵگیر بکات و نایەوێت کابینەی نۆیەم و پارێزگاری کەرکوک و بەغدا پێکەوە چارەسەربکرێن"، کە یەکێتی پێداگیری لێدەکات. 

پارتی جددی نیە لەسەر جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی پاشگەزبوەتەوە

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "پارتی دەیەوێت لە دەرەوەی یەکێتی رێککەوتن لەبارەی کابینەی نۆیەم و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە بکات، بەڵام پشک و بەرکەوتەی یەکێتی لە کابینەکە بەجێدەهێڵدرێت تاوەکو ئەوکاتەی ئەو حزبە کاندیدەکانی دیاریدەکات".

"تەنانەت پارتی لە رێگەی نوێنەرێکەوە پەیامی ناردوە بۆ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە رازی نیە پۆستی وەزارەتی داد بدرێتە یەکێتی"، ئەوەش بەپێی زانیاریەکانی خەندان. 
پارتی لە رێگەی نوێنەرێکەوە پەیامی ناردوە بۆ عادل عەبدولمەهدی

پارتی دەیەوێت لە 18ی ئەم مانگەدا کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ دیاریکردنی پۆستی پارێزگار بەڕێوەنەچێت، وەک ئەوەی لەگەڵ یەکێتی لەسەری رێککەوتون، بەڵکو دەیەوێت تەنها کۆبونەوەی لیستی برایەتی لە هەولێر ئەنجامبدرێت و دیاریکردنی پارێزگار دوابکەوێت بۆ دوای پێکهێنانی کابینەکە.

رێکەوتنی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و لە دەرەوەی یەکێتی چاوەڕوانکراوە، هاوشێوەی ساڵی 2014 کاتێک کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم پێکهات، پارتی و گۆڕان پۆستەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد و ئەو پۆستانەی کە پشکی یەکێتی بون بە بەتاڵی هێڵدرانەوە.
رێکەوتنی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و لە دەرەوەی یەکێتی چاوەڕوانکراوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم لە دەرەوەی حزبەکەی بە خەندان-ی وت، "ئەگەر پارتی کار بە پلانی B بکات، ئەوا یەکێتیش پلانی B ی ئامادەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو رێکەوتنەی پێی گەیشتوین جێبەجێ بکرێت".

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، "گۆڕان ئامادەیە بۆ رێکەوتن لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم و کۆمەڵی ئیسلامیش تاڕادەیەک ئامادەیە".

جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ، شاندی باڵای پارتی دوێنێ دووشەممە لەگەڵ پێکهاتەی تورکمان کۆبوەوە و ئەمڕۆش سەردانی حزبی سۆسیالیست-ی کرد کە تەنها کورسییەکی هەیە.

تورکمانەکانی کوردستان به‌شداریکردنیان لە كۆبونه‌وه‌ی 18ی مانگ و پشتیوانیان بۆ کابینەی نۆیەم راگەیاند، بەو مەرجەی بەرکەوتەی خۆیان لە کابینەکە و دەستەی سەرۆکایەتی بۆ دیاریبکرێت.
تورکمانەکانی کوردستان بەشداری کۆبونەوەی 18ی مانگ دەکەن

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین ئیلخانلی، سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، داواكاریه‌كانی پێكهاته‌ی توركمانی یه‌كێك له‌ سێ جێگره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تێكی كارا و چه‌ند پله‌ و پۆستێكە، شاندی پارتیش بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکاریەکەیان داوە.

135 رۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان پارتی رایگەیاند، پلانی A بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم بەشداریکردنی یەکێتی و گۆڕانە، بەڵام پلانی Bش ئامادەیە.

بە گۆڕینی کارتەکانی دەستی پارتی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانە بۆ بەشداریپێکردنی کۆمەڵ و پێکهاتەی تورکمانەکان و حزبەکانی دیکەی پەرلەمان، کە خاوەنی تەنها یەک کورسین، دیارنیە رێگەی گەیشتن بە پێکهێنانی کابینەکە دوردەخاتەوە یاخود نزیک.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP