دەنگێکی ترسناک لە ماڵێکی چۆڵەوە دانیشتوانی گەڕەکێک بێزاردەکات

- 2/12/2019 10:10:00 AM 376834 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەنگی هاوارکردنی منداڵێک لە ماڵێکی چۆڵەوە، دانیشتوانی گەڕەکێکی مەغریب هەراسان دەکات و دەبێتەهۆی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "عەرەبی پۆست" لە یەکێک لە گەڕەکەکانی مەغریب ماوەیەکە دەنگی هاوار یان قیژەی منداڵێک لە خانوویەکەوە دێت، کە کەسی تێدا ناژی، خانووەکە کۆنە بەڵام پێشتر ئەو دەنگەی تێدا نەبیستراوە.

خەڵکی ئەو گەڕەکە پۆلیسیان ئاگادارکردووە و پێکەوە دەرگای خانووە چۆڵەکەیان کردووەتەوە گەڕاون بەدوای سەرچاوەی دەنگەکەدا، بەڵام هیچیان نەدۆزیوەتەوە، چونکە بەشێکیان بە دەنگی باڵندە و ئاژەڵ تێگەیشتوون.

ئێستا هەرچی سەردانی ئەو گەڕەکە بکات، زوو زوو لە نێوانی کاتژمێرەکاندا گوێبیستی دەنگێکی سەیر دەبێت، تەنانەت بەشێک لە جیرانەکانی ئەو گەڕەکە ناچاربوون خانووەکانیان بەجێبهێڵن، یاخود بە هەموو شێوەیەک رێگانادەن منداڵەکانیان لە بەردەم ئەو دەرگایەشدا یاری بکەن.

ئەم دەنگە بووەتە باسی بەشێکی زۆر لە میدیا عەرەبیەکان، جگە لە پۆلیس چەندجارێکی دیکە گەنجانی ئەو ناوە دەرگاکەیان کردووەتەوە و لە هۆکاری ئەو دەنگە بێزارکەرە گەڕاون، بەڵام بە دەستی بەتاڵ گەڕاونەتەوە، خاوەن ماڵەکەش بەهەمان شێوە بە سەگەوە تێیدا هەوڵیداوە هۆکاری دەنگەکە ئاشکرا بکات، بەڵام هیچیان دەستنەکەوتووە.

ئەو کەسانەی جیرانی ئەم خانووەن، هەریەکەو بەشێوازێک باس لە دەنگەکە دەکەن  و هەندێکیان لە پاڵ ترسدا پێکەنینیان دێت، دەڵێن رەنگە باڵندەیەک بێت یان جنۆکە بەڵام لە کۆتایدا خودا دەزانێت .

یەکێک لە پیاوە ئاینیەکانی ئەو ناوچەیەش پێشنیاری کردووە، کە لەناو خانووەکەدا قورئان بخوێندرێت و دیوارەکانی بە ئاوی پاک بشۆرێت، بۆ ئەوەی جنۆکەکە بێتەدەرەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP