16 ژنی بیانی لە دوایـین ناوچەی خەلافەتەکەی داعش هەڵهاتن

- 2/12/2019 9:15:00 AM 3265 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

16 ژنی بیانی کە بەرەگەز خەڵکی وڵاتانی فەڕەنسا و روسیا و ئۆکرانیا و تورکیان لە ناوچەی باغوز کە دوایین ناوچەی ژێر دەستی خەلافەتەکەی داعشە هەڵهاتون.

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، 16 ژنی بیانی کە بەرەگەز خەڵکی وڵاتانی فەڕەنسا و روسیا و ئۆکرانیا و تورکیان بە ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی باغوزی فەوقانی هەڵهاتون، کە دوایین شارۆچکەی ژێر دەسەڵاتی داعشە لە سوریا.
16 ژنی بیانی کە بەرەگەز خەڵکی وڵاتانی فەڕەنسا و روسیا و ئۆکرانیا و تورکیان لە ژێر دەستی داعش هەڵهاتن

 
کریستالە، یەکێکە لە ژنە هەڵهاتوەکان و بەرەگەز فەڕەنسیەو تەمەنی لە بیستەکاندایە، هاوسەرەکەی بە بۆردومانی فڕۆکەی هاوپەیمانان کوژراوە، ئێستا خۆی و دوو منداڵەکەی ماوەتەوە کە یەکێکیان تەمەنی ساڵێکە و ئەوی دیکەیان سێ ساڵە. 

ئاماژەی بەوەکردوە، چەکدارە داعشەکان رێگە بەهەموو هاوڵاتیەکی عێراقی و سوری دەدەن لەناوچەکە بچنە دەرەوە، بەڵام رێگە بە بیانیـیەکان نادەن.

چەکدارە داعشەکان رێگە بە هەمو هاوڵاتیەکی عێراقی و سوری دەدەن لە ناوچەکە بچنە دەرەوە

ژنێکی دیکەیان کە هەر بەرەگەز فەڕەنسی بوە و نیقابی بەسەرەوە بوە و تەنیا هەر چاوە شینەکانی دیاربون، بۆ فرانس پـرێس وتویەتی، حکومەتی وڵاتەکەیان رێگەیان پـێنادات نیقاب لەسەر بکەن، بۆیە لە ساڵی 2012 وە فەڕەنسای جێهێشتوە.

لە هەرێمی باخۆزی قۆناغی کۆتایی هەڵمەتی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)  لە دژی چەکدارانی داعش دەستیپێکردوە و شەڕڤانان نزیکبونەتەوە لە کۆتایی هێنان بە رێکخراوی داعش لە سوریا.
شەڕڤانان نزیکبونەتەوە لە کۆتایی هێنان بە رێکخراوی داعش لە سوریا

هەڵمەتەکە لە چوار بەرەوە دەستیپێکردوە، دوای ئەوەی کە 20 هەزار هاوڵاتی مەدەنی لەدەستی چەکدارانی داعش ڕزگارکراون.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێکێهنەری سەرەکییەتی بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش توانیویانە روبەڕێکی فراوانی خاکی سوریا و رۆژهەڵاتی روباری فورات لە دەستی چەکدارانی داعش دەربهێنن.

حەوتی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هەفتەی داهاتو کۆتایی هاتنی چەکدارانی داعش لە خاکی سوریا و عێراق رادەگەیەنن.

دۆناڵد ترەمپ لەمیانەی بەڕێوەچونی كۆبونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە داعش رایگەیاند، "هێزە هاوپەیمانەكان سەركەوتن لە دوای سەركەوتنیان تۆماركردوە، كاتێك شارەكانی موسڵ و رەققەیان كۆنتڕۆڵكردوە و بە نزیكەیی سەرجەم بەرپرسە دیارەكانی ئەو رێكخراوەیان لەناوبردوە".


نیشانەکردن :

#داعش #فه‌ڕه‌نسا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP