خەندان-
حکومەتی ئێستای ڤەنزویلا بەسەرۆکایەتی نیکۆلاس مادۆرۆ دەستی بە گەورەترین و گرنگترین ئیۆپەراسیۆنی سەربازی کردوە دژ بەنەیارەکانی.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئەنادۆڵ، ئۆپەراسیۆنەکە دوێنێ یەک شەممە ١٠/٢/٢٠١٩ دەستیپێکردوە و تا ١٥ ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لەمبارەیەوە مادۆرۆ لە وتەیەکیدا لەبەردەم سەربازانی وڵاتەکەی کەلە بنکەیەکی سەربازی پێشکەشیکرد رایگەیاند: پێویستە ئامادەبین بۆ پارێزگاریکردن لە سەروەری و یەک پارچەیی خاکی وڵاتەکەیان.
ترەمپ مەترسییە بۆ جیهان
مادۆرۆ ئاماژەی بەوەشکردوە ئێستا خەڵک و سوپای وڵاتەکەی لێرە بۆ بەرگریکردن لەسەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەی کە زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە خەباتی بۆدەکەن.
هاوکات، مادۆرۆ داوای گۆڕینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکای کرد و رایگەیاند: پێویستە ترەمپ لەدەسەڵات دووربخرێتەوە، چونکە مەترسییە بۆ جیهان.
بەپێی لێکدانەوە سیاسییەکان، پێدەچێت پشتگیری راستەوخۆی ئەمەریکا لە ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزویلا و ناساندنی وەک سەرۆکی کاتی ئەو وڵاتە سەربکێشێت بۆ دەستێوەردانی راستەوخۆی سەربازی.