بەپەلە

ئەتلەنتیک کانسڵ "ئاڵنگاری و جیاوازیەکانی"سەردەمى د. بەرهەم و عادل عەبدولمەهدی بڵاودەکاتەوە

- 2/11/2019 8:32:00 PM 11863 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای زیاتر لە سێ مانگ لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، تا ئێستا پێکهاتەی کابینەکە تەواو نەبوە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانیش بەهۆی کابینەکانی پێش خۆیەوە روبەڕوی ئاڵنگاری بوەتەوە، د. بەرهەم-یش پەیوەندییە سیاسیەکانی عێراقی بوژاندوەتەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی ئەنجومەنی ئەتلەنتیک کانسڵ.

ئەنجومەنی ئەتلەنتیک کانسڵ راپۆرتێکی لەبارەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، سەرەڕای ئەو پڕۆسە قورسەی كە عادل عەبدولمەهدی پێیدا تێپەڕدەبێت بۆ تەواوكردنی كابینەی وەزارەتەكانی وڵاتەكەیی و ئەو ئاڵنگاریە سەختانەی بەهۆی حكومەتەكانی پێش خۆیەوە هاتوەتە رێی، "عەبدولمەهدی وادیارە تەركیز لەسەر پاككردنەوەی ئەجێندای حوكومڕانی دەكات كە ژمارەیەك ئەولەویەتی خێرای تێدایە".

عادل عەبدولمەهدی كێشە گرنگ و سەرەكییەكان چاره‌سه‌ر ده‌كات

ئەتلەنتیک کانسڵ دەڵێت، "عادل عەبدولمەهدی ئاگاداری ئەوەیە كە دەبـێت گەندەڵییەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام لە ئێستادا كێشە گرنگ و سەرەكییەكان كه‌ بریتین لە ئابوری، حوكمڕانی  و گەیاندنی خزمەتگوزاری چاره‌سه‌ر ده‌كات".

لەگەڵ سەرۆككۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام كۆبومەوە و تێڕوانینی گۆڕیم

راپۆرتەکە لە لایەن  د. عەباس خادیم، هاوەڵی بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی ئەتلەنتیک کانسڵ-ەوە ئامادەکراوە، ئەو نوسیویەتی، "لەگەڵ دكتۆر بەرهەم، سەرۆك كۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام كۆبومەوە و تێڕوانینی گۆڕیم بەهۆی ئەو چەند پڕۆژەیەی كە بەڕێوەدەچن و لە رێگەدان بۆ ئەنجامدانیان".
لە ماوەی سەرۆكایەتی پێشودا، خەڵكی عێراق پێگەی سەرۆكایەتیان وەك پێگەیەكی لاواز و كەمبایەخ لە روی سیاسیەوە سەیردەكرد
 
لە ماوەی سەرۆكایەتیەكانی پێشوتردا، خەڵكی عێراق پێگەی سەرۆكایەتیان وەك پێگەیەكی لاواز و كەمبایەخ لە روی سیاسیەوە سەیردەكرد و پێیانوابو، ئەو "پێگەیە خاوەنی هیچ هێزێكی سیاسی نیە"، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە سەرۆكانی پێشو سودیان لە پێگەكەیان نەبینیوە و بەكاریان نەهێناوە.

نوسەر دەڵێت، "بە بونی دكتۆر بەرهەم وەك سەرۆك كۆماری عێراق، سەرۆكایەتی عێراق شێوازێكی نوێ وەردەگرێت و دەگاتە ئاستێكی نوێ لە وزەی كاركردنیدا، بەتایبەتی لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكاندا".
سەرۆککۆمار توانیویەتی وێنەیەكی نوێی جوانی حكومەتی عێراقی پیشانی وڵاتان بدات
 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆک کۆمار بە سەردانەكانی بۆ پایەتەختی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە "توانیویەتی وێنەیەكی نوێی جوانی حكومەتی عێراقی پیشانی وڵاتانی دونیا بدات".

راپۆرتەکە باس لە پەیوەندیەکانی عێراق و ئەمریکا دەکات و دەڵێت، هەردولا جەختیان كردوەتەوە لەسەر گرنگی هاوپەیمانی نێوان واشنتۆن و به‌غدا و پێویستی بەهێزبونی ئەو هاوپەیمانییە، لە ئێستاشدا خەڵكی عێراق هەست بەو جیاوازیە دەكەن لە گۆڕانە باشەكاندا.

دۆسیه‌ی ئابوری

یاسای بودجەی 2019ی عێراق لە پەرلەمانی عێراق لە بەرواری 24ی كانونی یەكەم پەسەندكرا، پێش 2003 گەورەترین پلانی خەرجكردن 112 ملیار دۆلار بوە، كە بۆ دابینكردنی پێداویستی و خەرجی و موچەی حكومەتەكە بوە، لەكاتێكدا ژێرخانی ئابوری و خەرجی دوبارە بنیادنانەوە زۆر كەمترە لەوەی پێشبینی دەكرێت.

كاركردنی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لە سێكتەری كارەبادا زۆر گرنگە بۆ بەناوبانگبونی حكومەتەكەی، بودجەی كارەبا بە رێژەی چەندین ملیۆن دۆلار دابەزیوە، ئەوەش وەزارەتەكە بێ پارە دەهێڵێتەوە، كە نەتوانێت بگاتە ئاستی ساڵی رابردو، كە لەسەدا 50ی توانای عێراقە بۆ دەستەبەركردنی خزمەتگوزاری، ئه‌وه‌ش به‌پێی راپۆرته‌كه‌.

نوسه‌ر ده‌ڵێت، "لە بارەی بودجەوە دەبێت شتێكی دیكەی گرنگمان لەبیربێت كە بەپێی دوو یەكەی گۆڕاوی نەزانراو و دیارینەكراوە، كە وەبەرهێنانی نەوت و نرخەكانن".

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌، ئەگەر عێراق بەهەر هۆكارێك نەتوانێت 3.88 ملیۆن بەرمیل بۆ یەك رۆژ بەرهەمبهێنێت یاخود ئەگەر نرخەكانی نەوت داببەزێت بۆ 56 دۆلار بۆ یەك بەرمیل، حكومەت دەكەوێتە قەیرانێكی ئابوری گەورەوە.

دۆخی ئاسایش

بەغدا پاش ماوەیەكی زۆر ئێستا لە ئارامترین كاتیدایە، بەپێی چەند راپۆتێكی ویلایەتە  یەكگرتوەكانی ئەمریکا لە مانگەكانی تشرینی دووەم و كانونی یەكەمی ساڵی 2018 كەمترین كردەوەیی توندوتیژی لە عێراق رویداوە، ئاسایشێكی تەواو لە عێراق هەستی پێدەكرێت لە شەقامەكاندا و خەڵكیش ئاسودەتر دەبینرێن.

سەرەڕای بەرقەراری ئاسایش، بەڵام خزمەتگوزاریەكان و گەشەسەندنی ژێرخانی ئابوری كەموكوریان تێدایە، شەقامەكان و شوێنە گشتیەكانی دیكە لە دۆخێكی خراپدان، كەموكوڕیەكی تەواو لە خزمەتگوزاری شارستانی و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكاندا هەیە، بۆ نمونە پاكوخاوێنی شەقامەكان، هەروەها جێبەجێنەكردنی یاساكانی هاتوچۆ، كە ئەمانەش هەمویان دەكرێت چارەسەر بكرێت.

ژیانی كلتوری

بەغدا و پارێزگاكانی دیكە خاوەنی ئاستێكی بەرزن لە مێژوی مۆدێرنی عێراق، لە شەقامی موتەنەبی گەشتیاران دەتوانن لە نێوان ژمارەیەكی زۆر لە كتێبخانەكان و ناوەندەكانی خوێندنەوە بگەڕێن، بەشێوەیەك كتێبێك نیە نەتوانیت بیدۆزیتەوە.

هەنگاونان بەرەو پێشەوە

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت، كاری زۆر هەیە كە پێویستە لە ناوخۆی عێراقدا ئەنجامبدرێن، لەكاتێكدا كاردەكرێت بۆ بڕیاردان، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاكانی عێراق روبەروی زۆرترین ئاڵنگاری دەبنەوە، لەنێویشیاندا نەبونی ئەزمون لە جێبەجێكردنی فیدراڵیەتدا و نەبونی بەشكردنێكی رونی بەرپرسیاریەتەكان لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمەكانی، بێجگە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە خاوەنی حكومەتێكی زیاتر سەربەخۆیە.

حكومەتەكەی عەبدولمەهدی پشتیوانی جددی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەوێت

بەپێی راپۆرتەکەی ماڵپەڕی ئەتلەنتیک کانسڵ، حكومەتەكەی عەبدولمەهدی هێشتا كاتی زۆر زیاتر و پشتیوانی جددی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەوێت تاوەکو لەسەر پێ دەوەستێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP