هەواڵی ئەمڕۆ

خه‌ندان به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م كشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق بڵاوده‌كاته‌وه‌

- 2/11/2019 8:29:00 PM 3698 جار خوێندراوەتەوە
هێزی ئەمەریکی لە عێراق

خەندان - ئه‌حمه‌د مسته‌فا

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى به‌رگرى له‌ په‌ڕله‌مانى عێراق ڕایگه‌یاند، له‌ناو فراكسیۆنه‌كان هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانى دانیشتنێك ده‌رباره‌ى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌عێراق  ده‌شڵێت، هێزه‌ عێراقییه‌كان هێشتا پێویستیان به‌ هێزه‌كانى ئه‌مریكایه‌ بۆ جێگیركردنى دۆخى ئه‌منى.

هه‌رێم كه‌مال ئاغا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى به‌رگرى له‌ په‌ڕله‌مانى عێراق به‌ خه‌ندان-ى وت، تائێستا له‌ناو لیژنه‌ى ئاسایش و به‌رگرى په‌ڕله‌مان باس له‌كشانه‌وه‌ و جێهێشتن و كشانه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان نه‌كراوه‌ له‌ خاكى عێراق، به‌ڵام له‌ناو فراكسیۆنه‌كانى نێو په‌ڕله‌مان هه‌وڵده‌درێت بابه‌تێكى له‌و جۆره‌ بهێنرێته‌ نێو دانیشتنێكى په‌ڕله‌مان.

هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ژماره‌یان نزیكه‌ى 8 هه‌زار سه‌باز و ڕاوێژكار ده‌بێت

وتیشى، ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێت زیاتر  فشاره‌ بۆته‌ بابه‌تێكى سه‌ر سۆشیال میدیا، كه‌متر به‌ پراكتیكى هه‌وڵه‌كان ده‌بنیرێت به‌ئاڕاسته‌ى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا، گه‌رچى  په‌ڕله‌مان تا 5ى ئازار له‌ پشووى یاسادانان ده‌بێت. 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى به‌رگرى په‌ڕله‌مان ئه‌وه‌شیخسته‌رو، هێزه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ژماره‌یان نزیكه‌ى 8 هه‌زار سه‌باز و ڕاوێژكار ده‌بێت، لایه‌نه‌ سوننه‌كان هه‌بونى ئه‌و هێزه‌ به‌پێویست ده‌زانن بۆ دۆخى ئه‌منى ئێستاى عێراق و له‌حاڵه‌تێكیشدا كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ڕوبدات كارێكى قورس ده‌بێت.

مانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كۆتاى نه‌هاتوه‌

هه‌رێم كه‌مال ئاغا ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شكرد، هێزه‌ عێراقییه‌كان پێویستیان به‌ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكایه‌ چى له‌ڕوى ڕاوێژكارى، پێداویستى سه‌ربازى ، هاوكارى هه‌واڵگرى و ئاسمانى، هه‌روه‌ك چۆن كورد و عه‌ره‌ب پێویستیان به‌ هێزه‌كه و بونى سوپایه‌كى وه‌ك ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌، ئه‌وه‌شده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه‌ مانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كۆتاى نه‌هاتوه‌.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، شیروان میرزا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ خه‌ندان-ى وت، به‌شێك له‌لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌پاش سه‌ردانه‌كه‌ى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق كه‌ به‌ سه‌ردانێكى نادیبلۆماسى ناویده‌به‌ن، له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان دانیشتنێك له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ و به‌جێهێشتنى خاكى عێراق له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكاوه‌ له‌ په‌ڕله‌مان ئه‌نجامبده‌ن.

لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌ناوخۆیان ناكۆكن

وتیشى، ژماره‌یه‌ك واژۆ بۆ ئه‌نجامدانى دانیشتنه‌كه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌ناوخۆیان ناكۆكن، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق چه‌ندجارێك پێى ڕاگه‌یاندون، ئه‌مه‌ریكا ته‌نها ڕاوێژكارى سه‌ربازى له‌سه‌ر خاكى عێراق هه‌یه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌شڵێت، عێراق و ئه‌مه‌ریكا ڕێككه‌وتنێكى ستراتیژى ئه‌منییان هه‌یه‌ و له‌په‌ڕله‌مان ده‌نگى له‌سه‌ر دراوه‌ كه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى زه‌حمه‌ته‌ ئه‌وه‌ش به‌ره‌سته‌ له‌به‌رده‌م كشانه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا، هه‌رچه‌نده‌ تۆخكردنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ململانێى نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكاشه‌وه‌ هه‌یه‌.

شیروان میزرا باسله‌وه‌شده‌كات، پێشبینى ده‌كه‌ین له‌ وه‌رزى دوه‌مى یاسادانان پڕۆژه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ بێته‌ نێو دانیشتنێكى په‌ڕله‌مان، به‌ڵام به‌پێى ئه‌وه‌ى له‌ناو لایه‌نه‌ شیعه‌كان ناكۆكى هه‌یه‌ و ڕێككه‌وتنه‌كه‌ش به‌ربه‌رستێكه‌ پێشبینى ناكه‌ین هه‌وڵه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوبێت و ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP