هەواڵی ئەمڕۆ

رۆحانى: بۆ دروستکردنى موشەک ئیزن لە کەس وەرناگرین

- 2/11/2019 5:16:00 PM 1221 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: رێگە نادەین ئەمریکا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بۆ دروستکردنى موشەکەکانمان ئیزن لە کەس وەرناگرین.

رۆحانى لە میانى رێورەسمى رێپێوانى یادى ٤٠ ساڵەى شۆڕشى ئیسلامى ئێران لە مەیدانى ئازادى لە تاران وتەیەکى پێشکەشکرد و رایگەیاند: لە کاتێکدا ئەم ئاهەنگە دەگێڕێن کە ئەمریکا و ئیسرائیل و دوژمنانى ئێران فشاریان خستۆتە سەر گەلى ئێمە و گەمارۆیان داوین، بەم ئامادەبونەتان پلانى یەک ساڵەى دوژمنتان پوچەڵکردەوە.

سەرۆککۆماری ئێران وتیشی: گەلی ئێران بە جیهانیان ڕاگەیاندووە کە ئەمڕۆ ئێران لەگەڵ سەردەمی شاهەنشاهیدا جیاوازن و لە بەرامبەر هەموو جیهان بەهێز خۆڕاگری دەکەن.

وتیشی:  ئەمڕۆ هەموو جیهان دەبێ بزانن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر زیاتر لە ڕۆژانی شەڕە، ئەمڕۆ هیزە چەکدارەکانی ئێمە خۆیان چەک و چۆڵی خۆیان دروست دەکەن. لە ئێستادا 85% جیهازات و پێداویستییە سەربازییەکان لە ناوخۆی ئێراندا دروست دەکرێت.
گەشەسەندنە سەربازییەکانى ئێران جیهانى سەرسامکردوە

 

جەختیشیکرد کە ئێران بۆ دروستکردنی جۆرەکانی مووشەکی دژە زرێپۆش، جۆرەکانی مووشەکی زەوی بۆ دەریا و دەریا بۆ دەریا و زەوی بە زەوی و زەوی بۆ ئاسمان ئیزنی لەکەس وەر نەگرتووە و وەریش ناگرێت.

ڕۆحانی ئەوەشی ڕاگەیاند: ئێمە درێژە دەدەین بە فراوانکردنى دەسەڵاتى سەربازیمان و لەماوەى ٤٠ ساڵى رابردودا و بەتایبەت لەماوەى ئەم پێنج ساڵەى دویدا گەشەسەندنە سەربازییەکانى ئێمە جیهانى سەرسامکردوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP