هەواڵی ئەمڕۆ

سلێمانی؛ دیارنەمانی ئافرەتێک بوەهۆی دەستگیرکردنی باندێكی‌ پێنج كه‌سی

- 2/11/2019 3:10:00 PM 4828 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌رێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ پۆلیسی‌  سلێمانی‌ رایگەیاند، باندێكی‌ پێنج كه‌سیی‌ به‌تۆمه‌تی‌ به‌كارهێنان‌و بازرگانییکردن‌ به‌مادده‌ هۆشبه‌ره‌وە ده‌ستگیركراون، ئەوەش دوای ئەوەی ئافرەتێک دیارنەماوە.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌رێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا ده‌ستگیركردنی‌ باندێكی‌ پێنج كه‌سیی‌ راگه‌یاند، کە بە تۆمه‌تی‌ به‌كارهێنان‌و بازرگانییكردن به‌مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وە دەستگیرکراون و وتی، "ئاشكرابونی‌ بانده‌كه‌ به‌هۆی‌ دیارنه‌مانی‌ ئافرەتێکەوە بوە له‌ شاری‌ سلێمانی‌".

ئاماژەی بەوەشکرد، "له‌لایه‌ن بنكه‌كانی‌ سه‌رچنار و پیره‌مه‌گرون‌و به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ به‌دواداچون‌و لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئافره‌ته‌كه‌ ئه‌نجامدراوە، دواتر هێزه‌كانی‌ پۆلیس توانیان رۆژی‌ 2019/2/10 ژنەکە له‌ناحیه‌ی‌ پیره‌مه‌گرون له‌ باخێكدا بدۆزنه‌وه‌ كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرابو".

 

راشیگەیاند، ئه‌و ژنە هاوڕێی‌ یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كان بوه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چونه‌ته‌ باخه‌كه‌ دواتر رێگه‌یان نه‌داوه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ریان پێبوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاشكرایان نه‌كات.

نه‌قیب سه‌ركه‌وت رونیشیکردەوە، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ سلێمانییه‌وه‌ له‌و باخه‌دا چوار تۆمه‌تبار ده‌ستگیركراون، دوای‌ پشكنینی‌ باخه‌كه‌ توانراوە ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر بڕی‌ نیو كیلۆگرام مادده‌ی‌ هۆشبه‌ردا، هه‌روه‌ها خاوه‌نی‌ باخه‌كه‌ كه‌ تۆمه‌تباری‌ سه‌ره‌كییه‌ تونرا له‌ناو شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیربكرێت‌و له‌ناو ئوتومبیله‌كه‌یدا ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر بڕێك مادده‌ی‌ هۆشبه‌ری‌ دیكه‌دا.

به‌رێوه‌به‌ری‌ راگه‌یاندنی پۆلیسی‌  سلێمانی‌ ئەوەشی خستەڕو، له‌ ئێستادا سه‌رجه‌م تۆمه‌تباره‌كان به‌ندن به‌ بریاری‌ دادوه‌رو به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 14ی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان‌و 393 له‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌.


نیشانەکردن :

#سلێمانی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP