سەرۆك كۆماری عێراق جەخت لە گرنگی بە بەڵگەكردنی تاوانەكانی داعش ده‌کاته‌وه‌

- 2/11/2019 2:04:00 PM 1932 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق جەخت  لە پێویستی پەلەكردن لە كۆكردنەوە و پاراستنی ئه‌و بەڵگانه‌ دەکاتەوە كە تاوانەكانی  داعش ده‌سه‌لمێنن، بۆ ئه‌وه‌ی پێشکه‌ش به‌  دادگا نێودەوڵەتی و تایبەتەكان بکرێن. 
 
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا پێشوازیكرد لە كەریم خان، راوێژكاری نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش و شاندێكی یاوه‌ری. 

سه‌رۆك كۆمار جەختی کرده‌وه‌ لە رۆڵی كارای نەتەوەیەكگرتووەكان و گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ بە بەڵگەكردنی ئەو تاوانانەی كە دەرهەق بە گەلی عێراق ئه‌نجامدراون‌، هه‌روه‌ها بە هاناوەچونی ئەو كه‌سانه‌ی كە لە جه‌نگی داعشدا بونه‌ته‌ قوربانی.

سەرۆک بەرهەم ئاماژەی به‌وه‌شكرد، هاوڵاتیانی عێراق بە تەواوی پێكهاتەكانیەوە بونه‌ته‌ قوربانیی دەستی داعش و توندوتیژی رێكخراوه‌ تیرۆریستیەكان، كە ئەوەش هەوڵی هاوبەش و هەماهەنگی جددی دەوێت بۆ زامنكردنی رێوشوێنەكانی لێكۆڵینەوەی گشتگیر و باوەڕپێكراو كە لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەكان بێتەوە لە پێناو دیاریكردنی ناسنامەی تیرۆریستانی داعش كە زۆرترین بەرپرسیارییەتی تاوانەكانیان لە ئەستۆیە و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گوێره‌ی به‌ڵگه‌کان بدرێنە دادگا.

لەلای خۆیەوە راوێژكاری نەتەوەیەكگرتووەكان وردەكاری تەواوی کاره‌کانی خۆیان  پێشكەشی سەرۆك كۆمار كرد لەو هەوڵانەی كە رێكخراوە نێونەتەوەییەكان دەینێن بۆ بەدواداچون و بە بەڵگەكردنی ئەو تاوانانەی كە رێكخراوه‌ تیرۆریستیەكان دەرهەق بە هاوڵاتیانی عێراقی كردویانە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP