فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا وادەی کشانەوەی سەربازانی وڵاتەی لە سوریا راگەیاند

- 2/11/2019 9:37:00 AM 4091 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شادان عەلی

فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، پێدەچێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتودا هێزەکانیان دەستبكەن بە پڕۆسەی كشاندنەوەی لە خاكی سوریا.

ژەنڕاڵ جۆزێڤ ڤۆتێل، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مه‌ریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمیانەی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا و لە رێگەی گەشتێكیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، پێدەچێت پڕۆسەی كشانەوەی هێزەكانیان لە خاكی سوریا لە چەند هەفتەی داهاتودا دەستپێبكات و ئەو هەنگاوەش بە دۆخی ناوچەكەوە پابەندە.
پڕۆسەی كشانەوەی هێزەكانمان لە خاكی سوریا لە چەند هەفتەی داهاتودا دەستپێبكات

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ڤۆتێل رونیكردوەتەوە، لەكاتێكدا ئێستا شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە چەكدارانی داعش خۆیان بۆ كۆتا هەڵمەتی روبەروبونەوە ئامادەدەكەن، پڕۆسەی كشانەوەی هێزە سەربازیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بە دۆخی خاكی سوریاوە پابەنددەبێـت.

ئەوە لەكاتێكدایە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە ئێستادا بە شێوەیەكی كرداری دەستیكردوە بە پڕۆسەی كشانەوەكە و چەك و كەلوپەلە سەربازیەكانی كشاندوەتەوە.
پڕۆسەی كشانەوەی هێزە سەربازیەكان بە دۆخی خاكی سوریاوە پابەنددەبێـت

هەر لەبارەی پڕۆسەی كشانەوەی هێزەكانیانەوە ڤۆتێل وتیشی، "سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانمان، پێموایە لەسەر رێگە دروستەكەین و لەو شوێنە دەمێنینەوە كە پێمانخۆشە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "گواستنەوەی هێزەكان لە گواستنەوەی كەلوپەلە سەربازیەكان ئاسانترە و ئەوەی ئێستا دەمانەوێت بیكەین لابردن و گواستنەوەی ئەو كەلوپەلانەیە كە لە ناوچەكەدا پێویستمان پێی نیە".
گواستنەوەی هێزەكان لە گواستنەوەی كەلوپەلە سەربازیەكان ئاسانترە

لەبارەی گواستنەوەی بەشێك لە هێزە سەربازیەكانیان لە سوریاوە بۆ عێراق ڤۆتێل وتویەتی، "پێناچێت ویلایەتە یەكگرتوەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان هێزەكانی لە عێراق زیاتربكات، بەڵام دەرگای ڕێكخستنەوەی هێزە سەربازیەكانیان بۆ یارمەتیدانی هێزەكانیان لە عێراق بە كرواەیی بەجێهێشتوە، لە كاتی پێوستدا و لە ئەگەری بەردەوامكردنی فشارەكان لەسەر داعش".

ئەوەشی خستەڕو، هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریکا لە عێراق بە جێگیری لە شوێنەکانی خۆیان دەمێننەوە.


نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #سوریا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP