خەندان نوێترین وێنەى حەوت پەنابەرە کوردەکە بڵاودەکاتەوە

- 2/10/2019 11:33:00 PM 40819 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەو حەوت کۆچبەرەی ماوەی چەند رۆژێکە لە دەریای سپی ناوەڕاستدا لە کەسوکاریان دابڕابوون و ئێستا لە پارێزگای ئەزمیر لە تورکیان نوێترین وێنەیان بڵاوکرایەوە.

ئاری جەلال، سەرۆکی رێکخراوی لوتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران بە خەندان-ى راگەیاند، ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بە رێگای نایاسایی و لە تورکیاوە بە شاحینە روویان لە وڵاتی فەرەنسا کردبوو ئێستا لە پارێزگاى ئیزمیرن لە تورکیا و سەلامەتن.

بە وتەى ئارى جەلال، ئەو پەنابەرانە ئاشکرایان کردوە کە لەساتى دەستگیرکردنیان لەلایەن پۆلیسى فەرەنساوە ئەشکەنجەدراون و سوکایەتیان پێکراوە، داوایان کردوە کە حکومەت و رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ لەو مامەڵەیەى پۆلیسى فەرەنسا لەگەڵیان ئاگاداربکرێنەوە.

رونیشیکردەوە، “ئەو کۆچبەرانە ژمارەیان حەوت کەس بووەو سەرجەمیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن بە ناوەکانی ( هەنگاو محەمەد ئەمین، محەمەد نەوزاد عەلی، بەرهەم مستەفا عەلی، ئاری جەمال قادر، گەیلان ئەنوەر رەشید، مستەفا محەمەد مستەفا و ڤانکۆ جیڤارا موسا)”.
هەموو هەوڵێکمانداوە تاکو سبەى ئازادبکرێن

 

هەروەها ئاری جەلال وتی،” لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو حەوت کۆچبەرە کوردە بەشێوەیەکی نایاسایی رێککەوتنیان لەگەڵ قاچاخچییەکان کردووەو، بە شاحینە لە وڵاتی تورکیاوە بەرەو فەرەنسا رۆیشتوون، بەڵام دوای ئاشكرابوونیان دەستگیرکراون و چونەتە وڵاتی ئیتالیا.

سەرۆکی رێکخراوی لوتکە بۆ ئاوارەو پەنابەران راشیگەیاند، ئێمە هەموو هەوڵێکمانداوە تاکو سبەى ئازادبکرێن و ئەگەریش ئازاد نەکران لە رێگەى فرۆکەوە راستەوخۆ بگوازرێنەوە بۆ یەکێک لە فرۆکەخانەکانى هەرێمى کوردستان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP