بایک: ئەمریکا پشتیوانى تورکیا دەکات بۆ سڕینەوەى کورد

- 2/10/2019 11:16:00 PM 7381 جار خوێندراوەتەوە

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەرێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایدەگەیەنێت ئەمریکا پشتیوانى تورکیا دەکات بۆ سڕینەوەى کورد.
ئاژانسى فورات نیوز دەقى چاوپێکەوتنێکى جەمیل بایک هاوسەرۆکى کەجەکەى لەگەڵ گۆڤاری (Lower Class – چینى خوارەوە)، کە بە زمانى ئەڵمانى ئەنجامدراوە بڵاوکردۆتەوە، بایک رایگەیاندوە، "ئەمریکا لە ٢٢ی تەموزی ٢٠١٥ لەگەڵ کۆماری تورکیا رێککەوت. گوایە کۆماری تورکیا بەشداریی هاوپەیمانیى دژ بە داعشی کردووە، بەڵام دەوڵەتى کۆماری تورکیا لە رۆژئاواى کوردستان و سوریا هەرگیز بەشداریی هاوپەیمانیى دژ بە داعش نەبوو. بەڵکو بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە رێگای بۆ تورکیا کردەوە و پشتیوانیى لە تورکیا کرد. ئەوە بوو لە ٢٤ی تەموزی ٢٠١٥ فڕۆکە جەنگییەکانى تورک هەستان. دەوڵەتى تورک خێرا بە جیهانیان راگەیاند، کە لە داعش دەدات، بەڵام هەموو فڕۆکە جەنگییەکانیان بۆمبەکانیان بەسەر سەنگەرەکانى پەکەکەدا باراند. بۆمبەکانیان بەسەر کوردستاندا باراند، لەو هێزانەیان دا، کە لە دژی داعش خۆڕاگری و داکۆکییان دەکرد".
تورکیا بۆ ئەوەى پشتیوانیى زیاتری ئەمریکا بەدەستبهێنێت لە هێرشەکانى بۆ سەر پەکەکە دەستی بە باجدانى زیاتر و سازشی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا کردووە

 

جەمیل بایک ئەوەشی وتوە، "تورکیا بۆ ئەوەى پشتیوانیى زیاتری ئەمریکا بەدەستبهێنێت لە هێرشەکانى بۆ سەر پەکەکە دەستی بە باجدانى زیاتر و سازشی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا کردووە، پەیوەندیى خۆى لەگەڵ ئێران و روسیا وەک هەڕەشە بەکارهێنا. بڕیاری کێشانەوەى ئەمریکاش هەندێک پەیوەندیى بەوەوە هەیە. لە راستیدا ئەوە پرۆسەیەکە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستیپێکردووە".

ئەمریکا بە هێزی ئاسمانی بەشداریى شەڕى داعش بوو

 

لە بەشێکى ترى چاوپێکەوتنەکەدا هاوسەرۆکى کەجەکە لەبارەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا و هێرشەکانى دژى داعش رایگەیاندوە، "لە راستیدا ئەمریکا بەهۆی بەرخودانى دژ بە داعش چووە سووریا، ئەگینا خۆی لە خۆیدا لە سوریا کاریگەریى نەبوو. بەرخودانى کوردان بووە هۆی ئەوە ئەمریکا لە سوریا ببێتە خاوەن کاریگەری. لە رووی یاساییەوە پێگەى نییە. هێزێکى ئەوەندە زۆریشی لە سوریا نییە. ناکرێت بوترێت لەسەر زەویدا جموجوڵی هەبووە. بەڵکو بە هێزی ئاسمانی بەشداریى شەڕ بوو. ئەوانەى لە زەویدا شەڕیان کردووە، بەرگرییان کردووە و پاراستنیان کردووە، هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) بوون. بە تایبەتی یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) و یەکینەکانى پاراستنى ژن (یەپەژە) بوون. ئەو هێزەى لە هەرێمەکەدا باڵادەستە هێزی بەرخودانى کوردانە".

ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا هێزێکى گرنگە و هەر وا لە خۆیەوە ناکشێتەوە

 

لەبارەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەراست، جەمیل بایک رایگەیاندوە، ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا هێزێکى گرنگە و هەر وا لە خۆیەوە ناکشێتەوە. "ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان بە تایبەتى لە ناو هێزە سەربازییەکانیاندا نیشانیدا. ئەوان مەترسییەکە بەو شێوەیە لێکدەدەنەوە؛ لە دۆخێکى لەو جۆرەدا کاریگەرییمان لەسەر رۆژهەڵاتى فورات نامێنێت، لە رووی سەربازییەوە ئێمە ناتوانین بیپارێزین، چونکە باش ئاگاداری هەڵوێستى سەربازیى کۆماری تورکیان. ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا کاریگەریى سەربازیی خۆیان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لە دەست دەدەن. پنتاگۆن لەبەر ئەوە نیگەرانە. سەرۆکایەتیى ئەمریکاش بە زۆری بیر لە سیاسەت دەکاتەوە، دواى ٢ ساڵی تر هەڵبژاردن هەیە. ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیشدا تێکدەشێکێت".

بایک لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی "ناکرێت بوترێت، ئەمریکا لە سوریا و لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دەکشێتەوە، بەڵکو لە سیاسەتەکانى ئەمریکادا گۆڕانکاری روودەدات و لەو ناوچانە ناکشێتەوە. لە هاوپەیمانیى دژ بە داعش دەکشێتەوە. پەیوەندیى خۆی لەگەڵ هاوپەیمانییەکە کەم و لاواز دەکات و لەگەڵ دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە رێککەوتن ئەنجام دەدات بۆ ئەوەى لە بری داعش، هێرش بکاتە سەر کوردان، کە کورد لە دژی داعش لە تێکۆشاندایە. ئەوە بۆ خۆی دەکاتە بنەما و لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییەدا پەیوەندییەکانى بەهێز دەکات".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP