موشەكە (ئێس-300)ەكانی خاکى سوریا، ئیسرائیل دەترسێنێت

- 2/10/2019 10:32:00 PM 4458 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گۆڤاری هێزە سەربازیەكانی ئەمریكا بڵاویكردەوە، موشەكە دژە ئاسمانیەكانی روسیا كە  لە خاكی سوریادا جێگیركراون، هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر هێزە ئاسمانیەكانی ئیسرائیل.

بە پێێ گۆڤاری نەیشناڵ ئینتەرێست، ئەو وێنانەی مانگە دەستكردەكانی ئیسرائیل گرتویانە، دەریانخستوە كە موشەكی دژە ئاسمانی جۆری ئێس-300 لە خاكی سوریا بۆ جەنگ ئامادەكراون.

گۆڤارەكە ئاماژەی بەوەكردوە، بەهۆی ئەوەی هێزەكانی سوریا پێویستیان بە مەشق هەبوە لەسەر چەكەكە، روسیا بەخێرایی موشەكەكانی لە خاكی سوریادا بڵاونەكردبوەوە، لەكاتێكدا ناردنی ئەو موشەكانە لە لایەن روسیاوە بۆ سوریا بە ئامانجی كەمكردنەوەی هێرشە ئاسمانیەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو خاكە بوە.
پێدەچێت موشەكە نوێیەكانی ئێس-300 ببێتە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ فرۆكەكانی ئیسرائیل
بە لەبەرچاوخستنی ئەو كێشانەی لە ماوەی رابردودا هێزە ئاسمانیەكانی ئیسرائیلی گرتەوە بەهۆی روبەروبونەوەیان لەگەڵ سیستەمی موشەكی سۆڤێتی ئێس-200، پێدەچێت موشەكە نوێیەكانی ئێس-300 ببێتە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ فرۆكەكانی ئیسرائیل كە هێزەكانی حكومەتی سوریا  لە رۆژئاوای ئەو خاكەدا بە ئامانجدەگرن.

لە لایەكی ترەوە، پێدەچێت بڵاوكردنەوەی موشەكی ئێس-300ی روسی لە خاكی سوریا، بە ئامانجی دروستكردنی فشاربێت لە لایەن روسیاوە بۆ سەر ئیسرائیل، لەمیانەی دانوستانەكانی نێوان هەردو وڵاتدا، سەبارەت بە كۆتاییهاێنان بە گرژی و ئاڵۆزیەكانی سوریا، لەكاتێكدا  بڕیارە دانوستانەكە لە كۆتایی ئەم مانگەدا لە مۆسكۆ ئەنجامبدرێت.

نیشانەکردن :

#روسیا #سوریا #ئیسرائیل

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP