چیرۆکی کۆبونەوەی ئەنجومەنی شارەکە لە کەرکوک یان لە ھەولێر کۆتایی دێت؟

- 2/10/2019 9:19:00 PM 13024 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بڕیار جەلال

لەدواین کۆبونەوەى یەکێتى و پارتى بڕیاردرا رۆژى ١٨ ى مانگ کۆبونەوەى پەرلەمانى کوردستان لەلایەک و لەلایەکى دیکەشەوە کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بەڕێوەبچێت.

ماوەى چوار مانگ و 10 رۆژە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام هەتا ئێستا پەرلەمانتاران تەنها سوێندى یاساییان خواردوە و کۆبونەوەکەیان بە کراوەیی هێشتۆتەوە تا ئەو کاتەى لایەنە سیاسییەکان دەگەنە رێککەوتن لەسەر سەرجەم پۆستەکانى هەرێمى کوردستان لەناویاندا پۆستەکانى سەرۆکایەتى پەرلەمان.
پێکهاتەکانى نێو ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەسەر شوێنى ئەنجامدانى کۆبونەوەى ١٨ ى مانگى ئەنجومەنى پارێزگاکە راى جیاوازیان هەیە

 

پێکهاتەکانى نێو ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەسەر شوێنى ئەنجامدانى کۆبونەوەى ١٨ ى مانگى ئەنجومەنى پارێزگاکە راى جیاوازیان هەیە، بەڵام زۆرینەیان لەگەڵ ئەوەدان کۆبوونەوەکە لە ناو بیناى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ئەنجام بدرێت.

بەپێى زانیارییەکانى خەندان پێکهاتەکانى تورکمان و عەرەب لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکەیان ببنە دەرەوەى شارەکە و لەگەڵ ئەوەدان کۆبونەوەکە لە نێو بیناى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ئەنجامبدرێت، ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتیش دەڵێت: ئەوان بە لایانەوە ئاساییە لیستی برایەتی کەرکوک لە هەرشوێنێک کۆبوونەوە ئەنجامبدەن، چونکە لیستێکى کوردییە و کێشە نییە، بەڵام سەبارەت بە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە رووی یاساییەوە ئەو سەنگەی نابێت و پێکهاتەکانی دیکەى تورکمان و عەرەبەکان نایەن بۆ دەرەوەی کەرکوک.

خەندان زانیویەتى دواى کۆبونەوەکەى رۆژى 5/2/2019 ى یەکێتى و پارتى و بڕیاردانیان بۆ کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە ١٨ ى شوبات، پێکهاتەکانى عەرەب و تورکمان لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بەشێوەیەکى ناڕاستەوخۆ پەیامیان ئاراستەى یەکێتى و پارتى کردوە کە ئامادەنین جگە لە شارى کەرکوک، بۆ کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بچنە هیچ شارێکى دیکەى عێراق.

یەکێتى و پارتى لەسەر کێشەکانی نەوت و کەرکوک و بەغدا و سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان، پەیوەندییەکانی دەرەوە و ناوخۆ و بابەتی ئابوری رێککەوتن

 

محەمەد عوسمان ئەندامى پێشوى پەرلەمانى عێراق بە خەندان-ی وت، "یەکێتی و پارتی لەماوەی رابردودا کۆبونەوەیان کرد و لەسەر کێشەکانی نەوت و کەرکوک و بەغدا و سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان، پەیوەندییەکانی دەرەوە و ناوخۆ و بابەتی ئابوری رێککەوتن بۆ ئەوەى کۆبونەوەی ١٨ی مانگ گفتوگۆ لەسەر هەمو ئەو بابەتانە بکرێت و رێککەوتن بکرێت.

لە ھەولێر ئەنجام دەدرێت، نەک کەرکووک

 

لاى خۆیەوە دیاری حوسێن، جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک-گەرمیان، ئەمڕۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەى ڕاگەیاندوە: "بڕیارە ١٨ی ئەم مانگە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات و تێیدا چەندین پرس گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و کۆبونەوەکەش لە ھەولێر ئەنجام دەدرێت، نەک کەرکووک، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان تا دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە ناگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، بۆیە ئێمە پێداگرین لەسەر ھەڵوێستی خۆمان."

کۆبوونەوەکە گشتییە و تەنیا بۆ لیستی برایەتی نییە

 

دیاری حوسێن وتوشیەتی: "کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ کاراکردنەوەی ئەنجومەن و چۆنیەتیی کارکردنی ئەنجومەنە و دانانی بەرنامەیەکە بۆ ئایندە،  بۆیە کۆبوونەوەکە گشتییە و تەنیا بۆ لیستی برایەتی نییە."

پێکهاتەکانی دیکەى تورکمان و عەرەبەکان نایەن بۆ دەرەوەی کەرکوک

 

لەبەرامبەردا رزگار عەلى ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە خەندان-ى وت، "ئەوان بە لایانەوە ئاساییە لیستی برایەتی کەرکوک لە هەرشوێنێک کۆبوونەوە ئەنجامبدەن، چونکە لیستێکى کوردییە و کێشە نییە، بەڵام سەبارەت بە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە رووی یاساییەوە ئەو سەنگەی نابێت و پێکهاتەکانی دیکەى تورکمان و عەرەبەکان نایەن بۆ دەرەوەی کەرکوک. بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشەو قەیرانانەش دەبێت بە رێگەی یاسایی لە رێگەی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوکەوە چارسەری بکەین و بەشێوەیەکی یاسایی و ئیداریی بێت".

هیچ مەترسییەک لەسەر سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و ئەندامانى ئەنجومەن نییە

 

هەرچەندە سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک هۆکارى ئامادەنەبونیان بۆ گەڕانەوەیان بۆ شارى کەرکوک و ئەنجامدانى کۆبونەوە لە شارەکە دەگەڕێننەوە بۆ لایەنى ئەمنى، بەڵام ئەندامەکەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى دەڵێت: "هیچ مەترسییەک لەسەر سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و ئەندامانى ئەنجومەن نییە، لە ئێستادا بەرپرسانی یەکێتی و پارتی و یەکگرتوش لە کەرکوکن و هیچ کێشەیەکیان نییە، بۆیە بەبڕواى من هۆکارى نەگەڕانەوەى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و بەشێک لە ئەندامانى ئەنجومەنەکە بۆ شارەکە، هۆیەکی سیاسییە، نەک هۆیەکی یاسایی بێت".

لەبارەى دیارییکردنى کاندیدێک بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگاى کەرکوک، خەندان زانیویەتى کە یەکێتى چوار ناوى داوەتە پارتى و لایەنە سیاسییەکانى دیکە بە تورکمان و عەرەبەکانى کەرکوکیشەوە و هیچ لایەنێکى سیاسیش لەسەر ناوى کاندیدەکان و ئەو ئیستحقاقەى یەکێتى ناڕەزایی دەرنەبڕیوە.

چوار کاندید لەلایەن یەکێتیەوە دراوەتە لایەنە سیاسیەکان

 

هەربەپێى زانیارییەکانى خەندان ئەو چوار کاندیدەى کە یەکێتى پێشکەشى پارتى و لایەنە سیاسییەکانى دیکەى کردوە بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگارى کەرکوک هەریەک لە (رەفعەت عەبدوڵا، رزگار عەلى، ئاسۆ ئەڵمانى، خالید شوانى)، بەڵام بەپێى زانیارییەکان زۆرترینیان لەگەڵ ئەوەدان کە رزگار عەلى ئەو پۆستە وەربگرێت و تەنانەت رەفعەت عەبدوڵا ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى رەتیکردۆتەوە ئەو پۆستە وەربگرێت و لەگەڵ ئەوەدایە کە رزگار عەلى بکرێتە کاندید بۆ ئەو پۆستە.

دەبێت پارێزگارێکی کورد دابنرێت و لەناو کوردیش بۆ یەکێتی بێت

 

محەمەد عوسمان ئەندامى پێشوى پەرلەمانى عێراق وتی، "دوێنێ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوەو لەکۆبونەوەکەدا بڕیاردرا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کارابکرێتەوە، دەبێت پارێزگارێکی کورد دابنرێت و لەناو کوردیش بۆ یەکێتی بێت، تا ئەم کاتەش ئەو کەسەی بۆ پارێزگاری کەرکوک دیارییکراوە رزگار عەلی -یەو  هیچ کەسێکی دیکە دیاریی نەکراوە". 

ئاماژەى بەوەشکرد کە لەکۆبونەوەکانی چەند مانگى رابردودا رزگار عەلی وەک تاکە کاندیدى یەکێتى لەلایەن مەکتەبى سیاسییەوە بۆ پارێزگاری کەرکوک دیارییکراوە و تا ئێستاش هیچ کۆبونەوەیەکی دیکە نەکراوە کە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە.

یەکێتى لە ماوەى رابردودا لە سەرجەم کۆبونەوەکانیدا لەگەڵ پارتى رایگەیاندوە کە دەبێت پێش پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پرسەکانى هەرێمى کوردستان و کەرکوک و بەغداد رێککەوتنى لەسەر بکرێت. 

پێش پێکهێنانى حکومەت لەسەر کێشەکانى هەولێر و بەغدا و کەرکوک رێککەوتن بکرێت

 

محەمەد عوسمان لەبارەى مەرجەکانى یەکێتى بۆ چارەسەرى کێشەکان دەڵێت، "یەکێتی مەرجی هەیە و دەبێت تا ١٨ی مانگ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کارابکرێتەوە و پارێزگارێکیش بۆ کەرکوک دابندرێت، ئەو پۆستەش دەبێت یەکێتی دەستنیشانی بکات".

پێش دانیشتنى پەرلەمان بابەتى هەڵبژاردنى پارێزگارى کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە

 

هەرچەندە ئەمڕۆ دیارى حوسێن رایگەیاندوە"لە کۆبوونەوەی ١٨ی مانگ پارێزگار دیاری ناکرێت و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە پارێزگار کەسێکی بێلایەن بێت تا ھەڵبژاردن دەکرێت"، بەڵام یەکێتى راى پێچەوانەى هەیە و دەڵێت دەبێت پێش دانیشتنى پەرلەمان بابەتى هەڵبژاردنى پارێزگارى کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە.

رزگار عەلی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، "یەکێتی باسی هەولێری نەکردوە بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، هەروەها بە پارتیمان وتوە کە دەبێت پێش پێکهێنانى حکومەت لەسەر کێشەکانى هەولێر و بەغدا و کەرکوک رێککەوتن بکرێت، دەبێت پێش دانیشتی پەرلەمان، بابەتی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکرێتەوە".

کۆبونەوەیەکی فراوان لەنێوان بەرپرسانی یەکێتی لە شاری کەرکوک دەکرێت و کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگار یەکلایی دەکرێتەوە

 

بەپێی زانیارییەکانی خەندان کە لەسەرچاوەیەکى ئاگادار لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دەستیکەوتوە، پێدەچیت لە دوو رۆژى داهاتودا کۆبونەوەیەکی فراوان لەنێوان بەرپرسانی یەکێتی لە شاری کەرکوک بکرێت و کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری شارەکە یەکلایی بکرێتەوە.

لەئێستادا بەهۆى ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان سڕکراوە و پەرلەمانى کوردستانیش بەبێ سەرۆک دانیشتنەکانى بە کراوەیی هێشتۆتەوەو حکومەتیش لە ئێستادا حکومەتێکى کاربەڕێکەرە، هێزە سیاسییەکانیش بەهۆى پێداگیرییان لەسەر داواکارییەکانیان رون نیە کە ئایا دەتوانن لە داهاتویەکى نزیکدا بگەنە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نۆ کە مەسرور بارزانى کوڕە گەورەى مەسعود بارزانى کاندید کراوە بۆ پێکهێنانى.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP