كۆشكی سپی ئەنجامی پشكنینە پزیشكیەكانی ترەمپ-ی ڕاگەیاند

- 2/10/2019 8:18:00 PM 8139 جار خوێندراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ

خەندان - لیسا عه‌لى

شۆن كۆنڵی پزیشكی تایبەتی كۆشكی سپی رایگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی  ویلایەتە یەكگرتوەکانی ئەمریكا تەندروستی زۆرباشە".

بەپێی تۆڕی هەواڵی BBC، شۆن كۆنڵی بەهەماهەنگی لەگەڵ 11 پزیشكی دیكەی تایبەت زنجیرەیەك پشكنینی تەندروستیان بۆ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامداوە، كە ماوەی چوار كاتژمێری خایاندوە و ئەنجامی پشكنینەكانیش دەریخستوە كە ترەمپ لە بارێكی تەندروستی باشدایە. 

تائێستا هیچ راپۆرتێک ئەوەی پشتڕاستنەكردوەتەوە كە كێشی دابەزاندبێت

تره‌مپ، لە ئێستادا تەمەنی 72 ساڵە و لە ماوەی رابردودا لەلایەن چاودێرانی تەندروستی تایبەت بە كۆشكی سپی داوایلێكراوە لانیکەم 4 بۆ 5 كگم لە کێشی خۆی دابەزێنێت، به‌ڵام تائێستا هیچ راپۆرتێک ئەوەی پشتڕاستنەكردوەتەوە كە ئەو رێژەیەی كێشی دابەزاندبێت.

بەوتەی هۆگان گیدلی، جێگرى وتەبێژى كۆشكی سپی، ترەمپ بە رێنماییە تەندروستیەكان و پلانە دینیەكانیەوە پابەندنیە، لە كاتێكدا راهێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ لەشجوانی دەڵێت، "ترەمپ كێشی زیادەی هەیە، بەڵام قەڵەو نیە". 

لە ماوەی رابردودا  تەندروستی ترەمپ  جێگەی سەرنجی خەڵك بو، لەمیانەی بەرێوەچونی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكاندا لە نامەیەكیدا رایگەیاندبو، "دەبێتە تاکە كەسی تەندروست، كە بۆ سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت".

 ترەمپ رێژەی کۆلێسترۆڵی زیاد لە پێویست بەرزە

یەکەمین پشکنینی پزیشكی لەماوەی سەرۆكایەتییەكەی دۆناڵد ترەمپ ساڵی پار ئەنجامدرا، ئەنجامی پشكنینەكانیش دەریانخست کێشی ترەمپ 108 کیلۆگرامە و رێژەی کۆلێسترۆڵی زیاد لە پێویست بەرزە.

رۆنی جاكسۆن، ئەو پزیشكەی ساڵی پار پشكنینە تەندروستیەكانی دۆناڵد ترەمپ-ی ئەنجامدا رایگەیاندبو، "ترەمپ خاوەنی پێكهاتەیەكی جین-ی بەهێزە، لەكاتێكدا تەنها چوار بۆ پێنج كاتژمێر لە شەواندا دەخەوێت و كێشەی بۆ دروستناكات، چونكە بۆ ئەو شتێكی سروشتیە".

ئەوە لە كاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی پارێزكردن، دەرمانەكانی تەندروستی دڵ و دژە کۆلێسترۆڵ و هەڵوەرینی مو لە پیاواندا بەكاردەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا رێژەیەكی زۆر لە خواردنی خێرا دەخوات و لە رۆژێكدا نزیكەی 12 قوتو كۆلا دەخواتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP