چیرۆکى رێبێكا جیاوازە
بەهۆکارێکى سەیر پشتى لە گۆشتخواردن کرد

- 2/10/2019 6:54:00 PM 10065 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سیستەمی خۆراكی روەكی و نەبونی گۆشت لە ژەمەكانی خواردن لە ئێستادا لە سەرانسەری جیهان رو لە زۆربونە، هەندێك بەهۆی هاوسۆزی بۆ گیانداران و هەندێك بەهۆی رێكخستنی سیستەمی خواردنی رۆژانەیان و هەندێكی دیكە هەر لە بنچینەوە بەهۆی هەستیاربونیان، گۆشت لە ژەمەكانی خواردنیاندا بەكارناهێنن. 

سیستەمی ژەمەكانی خۆراكی خۆی بۆ (سیستەمی روەكی) گۆڕیوە

رێبێكا هیڵز، یەكێكە لەوانەی لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2017وە  سیستەمی ژەمەكانی خۆراكی خۆی بۆ (سیستەمی روەكی) گۆڕیوە و خواردنەكانی بە تەواوەتی روەكیە و هیچ جۆرە بەرهەمێكی ئاژەڵیان تێدا نیە.

رێبێكا دەڵێت، پارێزكردن لە خواردنی گۆشت شێوازێكە لە شێوازەكانی ژیان، بەڵام هۆكارەكەی ئەو پەیوەندی بە هاوسۆزی بۆ ئاژەڵان و رێكخستنی سیستەمی خۆراكەوە  نیە، بەڵكو بۆ ئەوەیە سیستەمە ناڕێكە خۆراكیەكەی خۆی بشارێتەوە .

خێزانەكەی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە كێشەی ناڕێكی سیستەمی خواردنی

ئەو خانمە تەمەنی 20 ساڵە و ئاماژە بەوەدەكات، لە حوزەیرانی ساڵی 2016 توشی نەخۆشی (Anorexia) بوە، نەخۆشیەکە وادەکات کەسى توشبو بەهۆى ترسان لە قەڵەوى ئارەزوی خواردن لەدەستبدات و کێشى بەشێوەیەکى ناتەندروست دادەبەزێت.

ریبیکا پاش ئەوەی كێشی زۆر كەمیكردوە، خێزانەكەی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە كێشەی ناڕێكی سیستەمی خواردنی، لە كاتێكدا هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەی داوە، سیستەمی خۆراكی روەكی بەرچاوكەوتوە و بڕیاریداوە پەیڕەوی بكات.

بە بڕوای رێبێكا، پارێزكردن لە خواردنی گۆشت ستایلێكی خۆراكی هاوسەنگی ژینگەییە، بەڵام واتای ئەوە ناگەیەنێت ئەوانەی جەستەیان پێویستی بە خواردنی گۆشتە دەستبەرداری ببن.

هیچ جۆرە بەرهەمێكی دیكەش كە پەیوەندی بە ئاژەڵەوە هەبێت نایخۆن

ئەو كەسانەی پەیڕەوی سیستەمی خۆراكی روەكی دەكەن بۆ دو گروپ دابەشدەبن، گروپی یەكەم گۆشتی ئاژەڵ ناخۆن، بەڵام بەرهەمە ئاژەڵیەكان دەخۆن، گروپی دوەم لەگەڵ ئەوەی گۆشتی ئاژەڵ ناخۆن، هیچ جۆرە بەرهەمێكی دیكەش كە پەیوەندی بە ئاژەڵەوە هەبێت نایخۆن.

لەگەڵ زیاتربونی رێژەی ئەو كەسانەی گۆشت و بەرهەمە گۆشتیەكان ناخۆن، ناندینەكانی تایبەت بە خۆراكە روەكیەكان رو لە زیادبونە و راهێنەرانی ئەو بوارەش ژمارەیان زیاتردەبێت.

بە پێی توێژینەوەكانی دامەزراوەی بریتانی بۆ سیستەمی پارێزی خۆراك، پەیڕەوكردنی سیستەمێكی باشی خۆراكی روەكی، دەكرێت ببێتە مایەی ژیانێكی تەندروست بۆ هركەسێك بێ جیاوازی تەمەن.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP