وەزارەتی دارایی رونکردنەوەیەکی لەبارەی دامەزراندنی 100 فەرمانبەرەوە بڵاوکردەوە

- 2/10/2019 3:12:00 PM 14353 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ئەو 100 فەرمانبەرەی لە دەڤەری راپەرین گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵدا کراوە، دانەمەزراون، بەڵکو بەمەبەستی پرکردنەوەی شوێنی کەسانی دیکە دانراون.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دامەزراندن و دانانی فەرمانبەری گرێبەست لە شوێنی فەرمانبەری گرێبەست کە واز دێنێت بەمەبەستی پرکردنەوەی شوێنیان، لە جیاتی دانانیان بۆ دەکرێت بەپێی رێنماییەکان لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە بەپێی پێویست و داواکاری فەرمانگەکان.

رۆژانە چەندەها نوسراوی هاوشێوە ئەنجام دەدرێت بۆ سەرجەم وەزارەتەکان وفەرمانگەکان

ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆژانە چەندەها نوسراوی هاوشێوە ئەنجام دەدرێت بۆ سەرجەم وەزارەتەکان وفەرمانگەکان بەپێی رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێدەکرێت لەلایەن وەزارەتەکەمانەوە.

هەفتەی رابردوو هەواڵی دامەزراندنی 100 کەس لە فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی شارەوانیەکانی راپەڕین بڵاوکرایەوە و نیگەرانی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو پڕۆسەیە بە نهێنی و بەبێ خاڵبەندی بەڕێوەچوە.

لە نوسراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتوە، "هیچ جۆرە لادانێکی نایاسایی لەو نوسراوەدا بەدی ناکەین،  لەبەر ئەوەی بەرێوەبەرایەتی شارەوانی راپەرین تازە کراوەتەوە و جیا کراوەتەوە لە بەرێوەبەرایەتی شارەوانیەکانی سلێمانی بۆیە گواستنەوەی میلاکیان بۆئەنجام دراوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP