هەواڵی ئەمڕۆ

وه‌زیری ناوخۆی توركیا: ره‌گ و ریشه‌ی فەتحوڵا گولەن هه‌ڵده‌كه‌نین

- 2/10/2019 2:48:00 PM 2608 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وه‌زیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، ئاماده‌كاری بۆ ئۆپه‌راسیۆنێكی دیكه‌ی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن بۆسه‌ر لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن و "ره‌گ و ریشه‌یان هه‌ڵده‌كه‌نین و له‌ناویان ده‌به‌ین".

بەپێی میدیای فەرمی تورکیا، سوله‌یمان سۆیڵو، وه‌زیری ناوخۆی توركیا لەمیانی وتارێکدا رایگەیاندوە، "ئاماده‌كاری بۆ ئۆپه‌راسیۆنێكی دیكه‌ی گه‌وره‌ ده‌كه‌ین بۆسه‌ر لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن، له‌م وڵاته‌دا ره‌گ و ریشه‌یان هه‌ڵده‌كه‌نین و له‌ناویان ده‌به‌ین".

درەنگانی شەوی 15ی تەموزی ساڵی رابردوو كودەتایەكی سەربازی لە توركیا ئەنجامدرا، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك حكومەتی ئەنقەرە شكستی كودەتاكەی راگەیاند و فەتحوڵا گولەن، رابەری بزوتنەوەی خزمەتی تۆمەتبار كرد بە پلان داڕشتنی ئەو كودەتایە.


تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانی توركیا هەزاران لایەنگری فەتحوڵا گولەن، رابەری رەوتی خزمەتیان دەستگیركردوە، و هەزارانی دیکەشیان لەکارەکانیان دورخستوەتەوە.

لەلایەن خۆشییەوە فەتحوڵا گولەن كە لە ساڵی 1999 وە لە ئەمریكا دەژی ئەوەی رەتكردوەتەوە كە پەیوەندی هەبووبێت بە كودەتە سەربازییەكەی توركیاوە.

توركیا لە چەندین بۆنەی جیاوازدا داوای لە ئەمریكا كرد گولەن-ی رادەستبكاتەوە كە لە ئێستادا لە و وڵاتە دەژی، لە بەرامبەردا واشنتن داوای لە ئەنقەرە كرد بەڵگەی پێویستی رادەست بكات لەبارەی تێوەگلانی گولەن لە كودەتاكەی ئەو وڵاتەدا.


نیشانەکردن :

#تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP