وه‌زاره‌تى ناوخۆ هه‌ڵمه‌تى داماڵینى چه‌ك ده‌ستپێده‌كات

- 2/10/2019 2:44:00 PM 4148 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وەزارەتی ناوخۆی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، چه‌ند بڕیارێك به‌ مه‌به‌ستى داماڵینى چه‌ك ده‌رده‌كات و به‌پێى بڕیاره‌كه‌ش، هه‌ر كه‌سێك چه‌ك هەڵبگرێت روبه‌روى دادگا ده‌كرێته‌وه‌.

له‌ نوسراوێكی وه‌زاره‌تى ناوخۆدا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست خه‌ندان كه‌وتوه‌، ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕو "بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (6)ی ساڵی 2009 و بەپێی یاسای چەك ژمارە (16)ی ساڵی 1993، بە مەبەستی نەھێشتنی دیاردەی چەكداری بە تایبەت چەكی قورس و مام ناوەند و ھێشتنەوەی ئەو چەكانە تەنھا لە دەست ھێزە چەكدارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".
بڕیارماندا بە، داماڵینی گشت چەك و تەقەمەنی جگە لە دەمانچە و كلاشینكۆف

 

وه‌زارەتى ناوخۆ ده‌لێت،" بڕیارماندا بە، داماڵینی گشت چەك و تەقەمەنی جگە لە دەمانچە و كلاشینكۆف، و دەستبەسەرداگرتنی ئەو چەكە بێ مۆڵەتانەی كە لەلایەن ھاوڵاتیان ھەڵدەگیرێت و گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەریان".

هاوكات و به‌پێى بڕیاره‌كه‌،"لە سەنتەری ھەر پارێزگا و قەزا و ناحیەیەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس و ئاسایش بنكەی كۆكردنەوەی ئەو چەكانەی رادەستدەكرێن، یان دەستی بەسەردا دەگیرێت كۆدەكرێنەوە و لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە جەرد دەكرێن و رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێن".
پڕۆسه‌كه‌ش بۆ ماوەی 6 مانگ كارى له‌سه‌رده‌كرێت

 

هه‌روه‌ها،" لە رێگای دەزگاكانی راگەیاندن ئاگاداری گشت ھاووڵاتیان دەكرێت ئەوانەی دەمانچە و كلاشینكۆفی بێ مۆڵەتی ھەیە لەو بنكانە تۆماری بكەن و ئەو چەكانەی كە لە بڕگەی (1)ی سەرەوە ئاماژەی پێكراوە رادەستی بكەن و پڕۆسه‌كه‌ش بۆ ماوەی 6 مانگ كارى له‌سه‌رده‌كرێت".

له‌ بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌روه‌، "دوای كۆتای ھاتنی ئەو ماوەی كە لە بڕگەی (5)ی سەرەوە دیاری كراوە ھەر چەكێك دەستی بەسەردا بگیرێت خاوەنەكەی بەپێی یاسای چەك رەوانەی دادگا دەكرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP