وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمار وەڵامى وتەبێژەکەى پارتى دەداتەوە

- 2/9/2019 8:19:00 PM 84564 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق وەڵامى وتەبێژى پارتى دەداتەوە و رایدەگەیەنێت وتەبێژەکەى پارتى لێدوانێکی ئه‌میر کینانی و سه‌رۆکایه‌تی کۆماری بێ هیچ هۆیه‌ک تێکه‌ڵ کردوه، دەشڵێت ئەو لێدوانە ئەمیر کنانى پەیوەندى بەسەرۆکایەتى کۆمارەوە نیە و ئه‌و تۆمه‌ت و هەناسە سواریەی که‌ به‌وه‌ڵامه‌که‌ی وتەبێژەکەى پارتیەوە دیاره‌ پێویست نه‌بوو.
ئەمیر کینانی وه‌کو شرۆڤەکار و کادیری ره‌وتێکی سیاسی عیراق قسه‌ی کردوه‌، نه‌ک راوێژکاری سه‌رۆک کۆمار

 

حەسەن جیهاد وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق لە وەڵامى مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت:"وته‌بێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، بابه‌تی لێدوانێکی ئه‌میر کینانی و سه‌رۆکایه‌تی کۆماری بێ هیچ هۆیه‌ک تێکه‌ڵ کردوه. ئەمیر کینانی له‌ کاتێکدا وه‌کو شرۆڤەکار و کادیری ره‌وتێکی سیاسی عیراق قسه‌ی کردوه‌، نه‌ک راوێژکاری سه‌رۆک کۆمار".

حەسەن جیهاد راشیگەیاندوە، "ئێمه‌ لێره‌دا بیری وته‌بێژی پارتی دیموکراتی کوردستانی دێنینه‌وە، که‌ ئه‌میر کینانی یه‌که‌م جاری نییه‌ لێدوان بدات و هه‌ڵوێستی له‌و جۆره‌ی هه‌بێت، به‌ڵام پێده‌چێت وته‌بێژی پارتی ئه‌مجاره‌ ویستبێتی به‌ مه‌به‌ست لێکدانه‌وه‌ بۆ قسه‌کانی ناوبراو بکات. سەرباری ئەمەش کینانی ساڵانێکە لەسەرۆکایەتی کۆمار کاردەکات نەک تازە بوبێته‌ راوێژکاری سه‌رۆکایه‌تی کۆمار".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمار دوپاتیکردۆتەوە "ئەو لێدوانە په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆکایه‌تی کۆماری عیراقه‌وه‌ نییه‌ و ده‌بوایه‌ وته‌بێژی پارتیش وردتر سه‌رنجی بابه‌ته‌که‌ی دابوایه‌، ئه‌و تۆمه‌ت و هەناسە سواریەی که‌ به‌وه‌ڵامه‌که‌ی ئەو ووتەبێژەوه‌ دیاره‌ پێویست نه‌بوو".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP