بەپەلە

سەعدی پیرە: دیاریکردنی شوێنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نیە

- 2/9/2019 1:15:00 PM 7689 جار خوێندراوەتەوە
سەعدی پیرە

خەندان-

وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، پێویستە جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە بە رەزامەندی پەرلەمان بێت و ئەو پرسەش لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی جێگیرکراوە، دەشڵێت، دیاریکردنی شوێنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نیە و ئەنجومەن ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە.

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبونەوە مەکتەبی سیاسی حزبەکەی رایگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا باس لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی کراوە، کە چەندین تەوەری تایبەت بە هەرێمی کوردستان و کەرکوک و عێراقی لەخۆگرتوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتیدا پرسی دارایی و سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و بەغدا باسکراوە، بەڵام هێشتا دیارنییە ئاخۆ رێککەوتنەکە بۆ چوار ساڵ دەبێت یان زیاتر، ئەوەش لە کۆبونەوەی داهاتو یەکلایی دەکرێتەوە.

لە رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتیدا پرسی دارایی و سیاسی و ئەمنی باسکراوە

سەعدی پیرە راشیگەیاند، "پرسی دووەم لە ناو بەرنامەی سیاسیەکەی پارتی و یەکێتیدا  یەکخستنی هەڵوێستی هەردولایە بەرامبەر بە عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان و نابێت چیتر هەرلایەک هەڵوێستی جیاوازی هەبێت".

ئەوەشی خستەڕو، "پرسێکی دیکەی ناو رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی هێزی پێشمەرگەو یەکخستنی ئەو هێزەیەو دەبێت جوڵەپێکردنی ئەو هێزە لە چوارچێوەی یاسادا بێت و بە رەزامەندی پەرلەمانی کوردستان بێت".

شەشی ئەم مانگە شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆبونەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک بەجیا کۆببنەوەو پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری نوێی کەرکوک یەکلایی بکرێنەوە.

سەعدی پیرە لەبارەی شوێنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک وتی، تا ئێستا شوێنی کۆبونەوەکە دیارنیە و دیارکردنی شوێنی کۆبونەوەکە لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا نیە و ئەنجومەنەکە ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە.

دیارکردنی شوێنی کۆبونەوەکە لە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا نیە 

 

لەبارەی پشکی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرە رایگەیاند، حزبەکەی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وەردەگرێت.

سەبارەت بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەکرد، "لەگەڵ گۆڕان دەرچووی یەک خوێندنگەین بۆیە پەیوەندیەکانمان زۆر ئاسایین".

رونیشیکردەوە، "دەبێت لە کابینەی نۆیەمدا پرسی دەسەڵاتی دادوەری گۆڕانکاری تێدا ئەنجامبدرێت چونکە ئەو دەسەڵاتە تاکلایەنانە حوکمدەکرێت و قۆرخکراوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP