نیکۆلاس مادورۆ: ئەمریکا چاوی بڕیوەتە سامانی گەلی ڤەنزوێلا

- 2/9/2019 12:56:00 PM 4515 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی ڤەنزوێلا رایگەیاند، ئەگەر ڤەنزوێلا پەتاتە یان مۆزی بەرهەمبهێنایە، نەدەکەوتە نێو زریانی ئیمپریالیزمەوە، دەشڵێت، "با ئەوە قبوڵبکەین کە ئیمپراتۆرییەتێکی ئەمریکا هەیە و چاوی بڕیوەتە سەروەتی گەلی ڤەنزوێلا".

نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی میرافلۆرێز لە کاراکاسی پایتەخت بەڕێوەچو رایگەیاند، "ئەگەر ڤەنزوێلا پەتاتە یان مۆزی بەرهەمبهێنایە، نەدەکەوتە نێو زریانی ئیمپریالیزمەوە، با ئەوە قبوڵبکەین کە ئیمپراتۆرییەتێکی ئەمریکا هەیە و چاوی بڕیوەتە سەروەتی گەلی ڤەنزوێلا".
ئەگەر ڤەنزوێلا پەتاتە یان مۆزی بەرهەمبهێنایە، نەدەکەوتە نێو زریانی ئیمپریالیزمەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڕەشەی سەربازیی ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە بۆ سەر ڤەنزوێلا، لە خواستی دەستبەسەرداگرتنی نەوت، کانزا و دەوڵەمەندییەکانی دیکەی وڵاتەکەیەوە، سەرچاوەی گرتوە.

مادورۆ راشیگەیاند، "ئەمریکا دەوڵەمەندییەکانی ئێمەی دەوێت، بۆ ئەوەی کە لە ڤەنزوێلا ببێتە خاوەنی هێز، ئەم هەموو گوشارە دەکات، هەربۆیە ئەوان هەڵبژاردن نا، بەڵکو کودەتایان دەوێت". 

نیكۆلاس مادورۆ-ی تەمەن 56 ساڵ، لە ماوەی شەش ساڵی سەرۆكایەتیدا، روبەروی گەورەترین ئاڵنگاری بوەتەوە پاش ئەوەی رۆژی 24ی كانونیی دوەمی 2019، بەرەی ئۆپۆزسیۆن-ی وڵاتەكەی دژی وەستانەوە و خوان گوایدۆی سەرۆكی پەرلەمان خۆی وەكو سەرۆكی كاتی ڤەنزوێلا ناساند.

حكومەتی واشنتن دەستبەجێ خۆناساندنەكەی خوان گوایدۆی بە فەرمی ناساند و ڤلادێمیر پوتینی سەرۆكی روسیا-ش پشتیوانی خۆی بۆ مادورۆ راگەیاند.

خوان گوایدۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی ڤەنزوێلا و سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە رایگەیاندبو، حکومەتەکەی مادورۆ ناناسێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP