"عێراق کار بۆ فراوانكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌کات"
سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری فه‌ڕه‌نسا كۆبۆوه‌

- 2/8/2019 6:52:00 PM 3084 جار خوێندراوەتەوە
فلۆره‌نس پارلی و سەرۆک بەرهەم ساڵح

خه‌ندان-

سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیرى به‌رگرى فه‌ڕه‌نسا كۆبۆوه‌ و رایگه‌یاند، فروانكردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق و یه‌كێتی ئه‌وروپا یه‌كێكه‌ له‌ خواسته‌ گرنگه‌كان كه‌ عێراق كاری بۆ ده‌كات.

نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق بڵاویكرده‌وه‌، د.به‌رهه‌م ساڵح ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له ‌كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا، له‌گه‌ڵ ‌وه‌زیری به‌رگری فه‌ڕه‌نسا فلۆره‌نس پارلی و شاندی یاوه‌ری کۆبۆته‌وه‌.

 

عێراق خوازیاری به‌ره‌وپێشبردن و فراوانكردنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و فه‌ره‌نسایه‌


به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، ئاماژه‌یبه‌وه‌كردوه‌ كه ‌عێراق خوازیاری به‌ره‌وپێشبردن و فراوانكردنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و فه‌ره‌نسایه‌ له ‌گشت بواره‌كاندا، هاوكات ڕایگه‌یاندوه‌ "ده‌كرێت پێكه‌وه‌ ڕۆڵێكی هاوبه‌ش و كاریگه‌ر ببینین له‌ سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ وجیهاندا".

هه‌روه‌ها، سه‌رۆككۆمار ئه‌وه‌یخستۆته‌رو فروانكردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق و یه‌كێتی ئه‌وروپا یه‌كێكه‌ له‌ خواسته‌ گرنگه‌كان كه‌ عێراق كاری بۆ ده‌كات، چونكه‌ عێراق ده‌توانێت ببێته‌ خاڵێكی پێكه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی زۆرێك له ‌وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و ئه‌وروپا.

 

فەرەنسا پشتیوانى عێراقه‌ بۆ سه‌رخستنی خواستی له ‌سه‌قامگیر و خۆشگوزه‌رانی 


هاوكات، سه‌رۆك به‌رهه‌م ڕۆڵی كاریگه‌ری فه‌ره‌نسای له ‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی‌ دژ به‌ تیرۆر و پشتیوانیكردنی عێراقی له‌ شكست پێهێنانی تیرۆریستانی داعش به‌رز نرخاندوه‌، و سوپاسی به‌شداریكردنی فه‌ره‌نسا كرد له ‌پێشكه‌شكردنی كۆمه‌كی سه‌ربازی و مه‌شقپێکردن به‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق.

هه‌روه‌ها، وه‌زیری به‌رگری فه‌ڕه‌نسا ڕایگه‌یاندوه‌، وڵاته‌كه‌ی پشتیوانى عێراقه‌ بۆ سه‌رخستنی خواستی له ‌سه‌قامگیر و خۆشگوزه‌رانی و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌یشی پیشاندا بۆ مه‌شق و راهێنان به‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق و دابینكردنی پێویستییه‌ سه‌ربازییه‌كان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP