سەرۆک بەرهەم بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا:
عێراق په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت

- 2/6/2019 3:20:00 PM 3252 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆشكی سه‌لام له ‌به‌غدا پێشوازیكرد له ‌جۆزیبی كۆنتی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا و شاندی یاوه‌ری و رایگەیاند، وڵاتەکەی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح له‌ کۆبونەوەکەدا جه‌ختی له‌ گرنگی په‌ره‌پێدان و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان و به‌ هێزكردنی ئاستی هاریكاری نێوان هه‌ردوو وڵات كرده‌وه‌، به‌جۆرێك كه ‌خزمه‌ت بە  به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو گه‌لی عیراق و ئیتاڵیا بکات.

سەرۆک کۆماری عێراق خواستی عێراقیشی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كی كاریگه‌ر و پێشكه‌وتوو له‌گه‌ڵ ئیتاڵیا و وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌گشتی نیشاندا.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ خواستی عێراق کرد بۆ کرانه‌وه‌ به‌ڕوی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌ پێناو ره‌خساندنی که‌شێکی له بار بۆ بوژانه‌وه‌ی عێراق به‌تایبه‌ت دوای سه‌ركه‌وتنی له‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ تیرۆردا.

هه‌ر له‌میانی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك به‌رهه‌م بەشداریكردنی ئیتاڵیا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی به‌ تیرۆر و پشتیوانیكردنی له ‌هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق و هاریكاری له ‌چه‌ندین پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریدا به‌رز نرخاند.

لایخۆیه‌وه‌ جۆزیبی كۆنتی، پشتیوانی ئیتاڵیای بۆ هه‌وڵه‌كانی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و خواستی وڵاته‌كه‌شی بۆ به‌هێزكردنی هاریكاری دووقۆڵی نێوان هه‌ردوو وڵات نیشاندا، هاوكات خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ عێراق و سه‌قامگیری و ئارامی عێراق ده‌ربڕی.

هه‌روه‌ها له‌میانی دیداره‌كه‌دا گفتوگۆكرا له ‌باره‌ی دۆسیه‌كانی ئابوری، بازرگانی، وه‌به‌رهێنان و چۆنیه‌تی كاراكردنیان له ‌گشت بواره‌كاندا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP