دواى پانزە ساڵ کارکردن لەگەڵیدا، سکرتێرى تایبەتى مەلابەختیار دەستیلەکارکێشایەوە

- 2/5/2019 10:11:00 PM 157942 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە نامەیەکدا سكرتێری‌ تایبه‌تی مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ خۆی له‌ پۆسته‌كه‌ی راگه‌یاند و ده‌ڵێت، "لەماوەى شەش مانگدا چەندینجار نامەم بۆ کاک بەختیار ناردوە بەڵام وەڵامى یەک نامەى نەداومەتەوە و بێدەنگ بوە".

شادمان محەمەد کوڕى شەهید حەمە ڕەش یاڵانقۆزی فەرماندەى دیارى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، کە وەک خۆى دەڵێت ماوەى ١٥ ساڵە سكرتێری‌ تایبه‌تی مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستان بوە".

لە بارەى نامەى دەستلەکارکێشانەوەکەى کە بڵاویکردۆتەوە، شادمان محەمەد، بە خەندان-ى راگەیاند:" هیچ کەسێک هێندەى من لە کاک بەختیار نزیک نەبوە، لە چەندین هەوڵى تیرۆرکردن و لە تەقینەوەکانى خانەقین و دوز لەگەڵیدابووم، بەڵام لە ماوەى شەش مانگدا چەندین نامەم بۆ ناردوە و وەڵامى نەداومەتەوە و بێدەنگ بوە"

سکرتێرە تایبەتەکەى مەلا بەختیار لە نامەى دەستلەکارکێشانەوەکەیدا نوسیویەتى: من لە مانگی ٧ى  ٢٠١٨ سەفەرێکی کورتم بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامدا، بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی تاقە منداڵەکەم کە لە پاش لە دەستدانی پێنج منداڵی دیکەم بەدنیا ھاتوە، بۆیە ئێجگار ناچاربوم وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی و باوکایەتی ئەو سەفەرە بکەم و لەدواى ٧ ڕۆژدا گەڕامەوە بۆ کوردستان، بەڵام پاش گەڕانەوەم پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم پێوەکرا لەلایەن بەڕێوەبەری نوسینگەوە ئاگادارکرام کە بۆ ماوەی یەک مانگ مۆڵەتم لەماڵەوە!".

لە درێژەى نامەکەدا کە لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە، نوسیویەتى: "لێرەولەوێ ورتە ورتو تۆمەتی لابەلام بەگوێ دەگەیشتەوە، کۆی ئەم ڕوداوانە وای لێکردم، ھەنگاوی یەکەمی خۆم بنێم بە ناردنی نامەیەکی ڕون و ئاشکرا بۆ مەلا بەختیار، چاوەڕوان بوم لانی کەم بەدەر لە ھەر پلە و پۆستێک دۆستانە گفتوگۆیەک بکەین ئەگەر ھۆکارێک بۆ قەڵس بون ھەبێ لە خۆی ببیستم و وەڵامە دروستەکانیش لە زاری خۆمەوە ببیستێت، نەوەک ھەر کەسە و بە مەرامێک بابەتەکان بگەیەنێت".

شادمان محەمەد لە کۆتایدا نوسینەکەیدا دەڵێت: لێرەوە ئەم نامە کراوەیە دەنێرم بۆ ھەموان و لەم ساتەوە ڕایدەگەیەنم لەپاش شەش مانگ چاوەڕوانی و بێدەنگی ھیچ بەرپرسیارێتی و پەیوەندیم بە نوسینگەی کاک بەختیارەوە نەماوە!".


ئەمەى خوارەوە دەقى نامەى دەستلەکارکێشانەوەى سکرتێرى تایبەتى مەلا بەختیارە:

!! وەفا بۆ ١٥ ساڵ تەمەنم.

‎ھەڤاڵان ئازیزان دۆستان.

من وەک کوڕە شە ھیدێک بە پێویستم زانی ئەم ڕونکردنە وەیە بڵاو بکە مە وە

‎دوای سڵاو و خۆشەویستی بێپایانم بۆتان داوای لێبوردن دەکەم کە ماوەی چەند مانگێکە نەمتوانیوە وەک پێویست ھەواڵتان بپرسم و وەڵامی خۆشەویستی و وەفاتان بدەمەوە لە پەیوەندی کردنتاندا بەھۆی سەرقاڵی زۆرم لەم ماوەیەدا.
‎ئازیزان وەک زۆرێکتان دەزانن کە ماوەی سڵانێکی زۆر من وەک سکرتێری ھەڤاڵ مەلا بەختیار کارم کردوە و بە شانازییەوە خزمەتی یەکێتیی وڕێبازەکەی باوکمم کردوەو زۆر شتی باشی فێربوم.
‎من ئێجگار تەمەنم منداڵ بوو کە باوکم شەھید کرا بۆیە زۆر جار ھەستی باوکایەتیم لە ھەڤاڵ مەلا بەختیاردا بۆ خۆم بەدی کردوە !
ئازیزان من لە مانگی ٢٠١٨/٧ سە فەرێکی کورتم بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامدا بە مەبەستی چارەسەری تەندروستی تاقە منداڵەکەم کە لە پاش لە دەست دانی پێنج منداڵمی دیکەم بەدنیا ھاتوە بۆیە ئێجگار ناچاربوم وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی و باوکایەتی ئەو سەفەرە بکەم، وێڕای ئەوەی زۆر دڵم لای کارەکەم بوو بۆیە ھەر بەوھۆیەوە ھەوڵمدا ئێجگار زوو کارەکانم ئەنجام بدەم و لەماوەی ٧ ڕۆژدا بگەڕێمەوە کوردستان و بچمەوە سەر کارەکەم ئاخر من کار و ئەرکەکەمم زۆر خۆشدەویست دەنا ئاستەمە مرۆڤ بتوانێت ١٥ ساڵ بەردەوام بێت لە کارێکدا کە لانی کەم ڕۆژانە ١٢ کاتژمێر کاربکات. بەڵام پاش گەڕانەوەم بەپیوەندییەکی تەلە فۆنیم پێوەکرا لەلایەن بەڕێوبەری نوسینگەوە ئاگادار کرام کە بۆ ماوەی یەک مانگ مۆڵەتم لەماڵەوە! لەڕاستیدا ئەمە بۆ من بابەتێکی سەیربو بەڵام وەک ئیلتیزامێکی قانونی و ئەخلاقی بابەتەکەم وەرگرت و پابەندبوم پێوەی لەکاتێکدا ھیچ ھۆکارێکم بۆ ئەم بابەتە لەخۆمدا شکنەدەبرد و ناشیبەم. بەڵام لێرەولەوێ ورتە ورتو تۆمەتی لابەلام بەگوێ دەگەیشتەوە کۆی ئەم ڕوداوانە وای لێکردم من ھەنگاوی یەکەمی خۆم بنێم بە ناردنی نامەیەکی ڕون و ئاشکرا بۆ بەڕێز مەلا بەختیار، چاوەڕوان بوم لانی کەم بەدەرلە ھەر پلە و پۆستێک دۆستانە گفتوگۆیەک بکەین ئەگەر ھۆکارێک بۆ قەڵس بون ھەبێ لە خۆی ببیستم و وەڵامە دروستەکانیش لە زاری خۆمەوە ببیستێت نەوەک ھەر کەسە و بە مەرامێک بابەتەکان بگەیەنێت.
بۆیە لێرەوەئەم نامە کراوەیە دەنێرم بۆ ھەموان
‎ لەم ساتەوە ڕایدەگەیەنم لەپاش شەش مانگ چاوەڕوانی و بێدەنگی ھیچ بەرپرسیارێتی و پەیوەندیم بە نوسینگە ی بەڕێزیانەوە نەماوە! 
من گە ورەترین و پیرۆزترین شتم بە خشیوە بەکوردستان بە یەکێتی و خۆم بە خاوەنی یەکێتیش دەزانم 
‎من لە ھەر پێگە و مەکانێکدا بم ھەر خزمەتکاری
‎ ڕێبازەکەی حەمە ڕەش و قوتابییەکی بەوەفای قوتابخانەکەی(مام)ی گەورمان دەبم.....

‎براتان // شادمان شەھید حەمە ڕەش یاڵانقۆزی



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP