ئەو پرۆگرامەی ساڵانە دەیان گەنجی کورد دەباتە ئەمریکا

- 2/5/2019 9:20:00 PM 62937 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بەهمەن ئەحمەد
بەرنامەی ئاڵوگۆڕی سەرکردە گەنجەکانی عێراق ( ئایلێپ) یەکێکە لەو بەرنامانەی کە ساڵانە دەیان گەنجی عێراقی لەکورد و عەرەب و نەتەوە جباوازەکانی دیکە دەباتە ئەمەریکا.

بەرنامەکە لەلایەن باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق بەهاوکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پشتیوانی مادی و مەعنەوی دەکرێت.

ئایلێپ ( IYLEP) چیە؟
ئایلێپ کورتکراوەی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی سەرکردە گەنجەکانی عێراقە بەزمانی ئینگلیزی و بەرنامەیەکی چوار هەفتەیی سەربە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و باڵوێزی ئەمەریکایە لەعێراق، بەرنامەکە لەچوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندی کولتوری و پەروەردەییەکانی باڵوێزخانەی ئەمەریکادایە و لەلایەن دەستەی پەیوەندییە کولتوری و پەروەردەییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرپەرشتی دەکرێت.

لەئێستادا بەرنامەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناحکومی ئەمەریکییەوە بەڕێوەدەبرێت بەناوی ( World Learning ). 

ئامانجی پرۆگرامەکە چیە؟
پرۆگرامی ئایلێپ دەرفەتی پەرەپێدانی ئەزمونی سەرکردایەتیکردن و تێگەشتن لە پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگای ئەمەریکی دەبەخشێتە خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆ لەڕێگای ئەنجامدانی گەشتێکی یەک مانگە بەناو ئەمەریکادا بۆ ئاشنابونی زیاتری کولتوری ئەمەریکا.

پرۆگرامەکە کێ دەباتە ئەمەریکا؟
ئایلێپ خوێندکارانی هەردو قۆناغی ئامادەیی و زانکۆی کردۆتە ئامانج و لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە کە دامەزرێنراوە دەرفەتی گەشەپێدانی کولتوری داوەتە زیاتر لە (٢٥٠٠) دوو هەزارو پێنج سەد خوێندکاری کورد و عەرەب و کەمەنەتەوایەتییەکانی تر. 

ئەم خوێندکارانە پاش گەشتێکی دورودرێژ بەناوی ویلایەتەکانی ئەمەریکادا، وەک سەرکردەی گەنج و پڕئەزمون دەگەڕێنەوە عێراق بەو ئامانجەی کاریگەری ئەرێنیان لەسەر کۆمەڵگاکانی خۆیان هەبێت.

بۆ ساڵی ٢٠١٩ پرۆگرامەکە لەبەرنامەیدایە ٢٩٠ خوێندکاری ئامادەیی و زانکۆ بباتە ئەمەریکا بەمەبەستی گۆڕینەوەی ئەزمونی پەروەردەیی.

بەشەکانی پرۆگرامەکە
یەکەم/ ئایلێپ بۆ خوێندکارانی ئامادەیی ( بە ئینگلیزی). ئەم پرۆگرامە بەرنامەیەکی چوار هەفتەییە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بۆ خوێندکارانی تەمەن ( ١٥-١٧) ساڵ، خوێندارانی بەشداربوی ئەم بەشە دەکرێن بەچەند تیمێکەوە و هەر تیمێک تیم لیدەرێکی بۆدیاریدەکرێت کە سەرپەرشتییان دەکات و لەکاتی پێویستدا وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە. گفتوگۆو راوێژی تیمەکان بەزمانی ئینگلیزی دەبێت و بەهۆیەوە پرۆگرامەکە دەیان کادیری گەنج لە عێراق و ئەمەریکا ئامادەدەکات کە هەست بەرپرسیارێتی مەدەنیانە بکەن و پابەندنبن بە بنەماکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگاوە. 

جگەلەوە کادیرە گەنجەکان ئاگاداری پرسە هەنوکەییەکانی ناوچەکەو جیهان دەبن و ئەزمونێکی باشی سەرکردایەتیکردنیان دەبێت. بەشداربوانی ئەم پرۆگرامە پاش گەرانەوەیان لە ئەمەریکا کار لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان دەکەن لەگەڵ گەنجانی دیکە لەسەرجەم ئاین و نەتەوە و ئێتنیکە جیاوازەکان لەعێراقدا. 

دووەم/ ئایلێپ بۆ خوێندکارانی ئامادەیی ( بەعەرەبی): ئەم بەشەش بەهەمان شێوە لەچوارچێوەی پرۆگرامی ئایلێپدایە و هەمان ئەجێندای بەشی زمانی ئینگلیزی هەیە، بەڵام وەرگێری عەرەبییان بۆ دابیندەکرێت. خوێندکاران لەم پرۆگرامەدا پەرە بە ئەزمونی سەرکردایەتیکردنیان دەدەن، هەستی بەرپرسیارێتی و پەروەردەیی مەدەنیان زیاتردەبێت، هاوکات بەرنامەکە رۆڵی دەبێت لە زیادکردنی هۆشیاری قبوڵکردنی جیاوازییەکان و لێبوردەیی و بەشداری مەدەنیانە لەناخی بەشداربوانیدا. ئەم بەرنامە هەمان مەرجی وەرگرتنی خوێندکارانی بەشی زمانی ئینگلیزیان هەیە بەڵام مەرجی شارەزایی ئینگلیزی تێیدا لابراوە.

چۆنیەتی پێشکەشکردن بۆ ئەم بەرنامەیە
پێشکەشکردن بۆ ئەم بەرنامەیە بەڕێگای ئۆنلاین دەبێت لەڕێگای ئەم لینکەوە ( https://iylep.org/apply/ )، ساڵانە ماوەی پێشکەشکردن لە ٢٦ ی نۆڤەمبەر دەستپێدەکات تا دوا وادەی خۆی کە ١٥ ی کانونی دوەمی ساڵی داهاتوو.

مەرجەکانی وەرگرتن بۆ خوێندکارانی ئامادەیی:
یەکەم/ توانای قسەکردن و نوسین و تێگەشتنی زمانی ئینگلیزی زۆر باش بێت
دووەم/ تا مانگی تەموز تەمەنی لانیکەم ١٥ ساڵ بێت و لە ١٧ ساڵیش زیاتر نەبێت 
سێیەم/ لانیکەم یەک ساڵی ئامادەیی تەواوکردبێت تا دەستپێکردنی پرۆگرامەکە لەمانگی تەموزی ئەو سالەدا
چوارەم/ مۆڵەتی دایک و باوک یان بەخێوکەری هەبێت بۆ بەشداریکردن لەبەرنامەکە و گەشتکردن بۆ ئەمەریکا لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا. 
پێنجەم/ هاوڵاتی و دانیشتوی عێراق بێت ( ئەو کەسانەی کە لەهەمان کاتدا هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی و ئەمەریکین بەشداری بەرنامەکە ناکەن) 
شەشەم/ خاوەنی پاسپۆرتێک بن کە ماوەکەی بەسەرنەچوبێت تا مانگی ئایاری ساڵی داهاتو.

 ئەو مەرجانەی کە رێگری لەبەشداریکردنی ئەم پرۆگرامە دەکەن:
داواکار خۆی یان دایک و باوکی داوای مافی پەنابەرێتییان کردبێت لەدەرەوەی عێراق 
ئەگەر داواکار لەڕیگەی هەر بەرنامەیەکی دیکەی ئەمەریکییەوە سەردانی ئەمەریکای کردبێت لەسەر حسابی حکومەنی ئەمەریکا
ئەگەر کەسوکاری نزیکی داواکار فەرمانبەری  باڵوێزخانە و قونسوڵگەری ئەمەریکا یان  هەرناوەندێکی دیکەی سەربەحکومەتی ئەمەریکابن. 

هەلسەنگاندن بەپێی ئەم مەرجانەی خوارەوە دەبێت:
پێویستە داواکار لەڕێگای ئۆنلاینەوە پێشکەشی بەرنامەکە بکات و وێنەی سکانکراوی پاسپۆرتەکەشی بنێرێت 
پێویستە ئارەزومەند بێت بۆ کاری خۆبەخشی و چالاکییە مەدەنیەکان 
داواکار لەئامانجەکانی ئایلێپ تێبگات و ئارەزوی جێبەجێکردنی پلانەکانی هەبێت 
توانی کارکردنی گروپ و قبوڵکردنی رای جیاوازى هەبێت 
توانای سەرکردایەتیکردنی تیمی هەبێت 
زمانی ئینگلیزی بەباشی بزانێت 
شارەزایی باشی لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا هەبێت 
تێڕوانینێکی ئەرێنی و باشی بۆ کولتورە جیاوازەکان هەبێت 
پابەندبێت بەجێبەجێکردنی پرۆژەیەکەوە کە پاش گەرانەوەی لە ئەمەریکا بتوانێت سود بەقوتابخانەکەی و کۆمەڵگاکەش بگەیەنێت. 

دۆکیومنت و بەڵگەنامە داواکراوەکان 
پاسپۆرتی عێراقی ماوە بەسەرنەچو تا مانگی ئایاری ساڵی داهاتو 
ناسنامەی باری کەسێتی ( هەویە) 
نامەی پێشنیار 
بروانامەی ئەکادیمی 

مەرجەکانی وەرگرتن بۆ خوێندکارانی زانکۆ 
خوێندکارانی زانکۆش هەمان مەرجی خوێندکارانی ئامادەیی هەیە و هەمان دۆکیومنتەکان پێویستن جگەلەم خالانەی خوارەوە:
تەمەنی لانیکەم ١٨ ساڵ بێت و تا مانگی تەموزی سالی داهاتو لە ٢٤ ساڵ زیاتر نەبێت 
خوێندکاری قۆناغەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ بێت، خوێندکارانی قۆناغی چوارەم و پێنجەم و شەشەم بۆیان نیە پێشکەشی ئەم پرۆگرامەی بکەن
خوێندکاری زانکۆ بێت یان لانیکەم لەیەکێک لەزانکۆکان ناوی تۆمارکرابێت.

مەرجەکانی وەرگرتن وەک تیم لیدەر 
مەرجەکانی وەرگرتن وەک تیم لیدەر یان سەرپەرشتیاری تیمەکان هەمان مەرجی بنەرەتی خوێندکارانیان هەیە و هەمان دۆکیومنتەکان پێویستن جگەلەم خاڵانەی خوارەوە:
تەمەنی ٢٤ ساڵ و بەرەو سەرەوەبێت 
چالاک بێت لە پەیوەندیکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکار و خوێندکارانی تەمەنی ئامادەیی 
توانای هاوکاریکردن و بەدەمەوەچونی هەرزەکارانی هەبێت بەبەردەوامی ٢٤ کاتژمێر لە رۆژێکدا لەماوەی ئەو چوار هەفتەیەی مانەوە لە ئەمەریکا 
بەبەردەوام سەردانی تیمەکەی بکات لەزانکۆ و شوێنی مانەوەیان بۆ چاودێریکردنی چۆنیەتی بەڕێوەچونی پرۆژەکەیان 
بۆ ئەو چاودێرانەی کە بەشداری بەشی عەرەبی دەکەن، پێویتە هەردو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بەباشی بزانن 
مالپەڕی فەرمی ئایلێپ (https://iylep.org/ )

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP