پەرلەمانتارێکی پێشوى هۆڵەندی "دژە ئیسلام" مسوڵمانبونی خۆی راگەیاند

- 2/5/2019 9:07:00 PM 21872 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بەهمەن ئەحمەد

 لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا یورام ڤان کلاڤێرێن، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی هۆڵەندا کە بە دژایەتیکردنی ئیسلام بەناوبانگ بو، ئەمڕۆ موسڵمانبونی خۆی راگەیاند.

کلاڤێرێنی تەمەن 40 ساڵ، پێشتر ئەندامی پارتی راستڕەوی هۆڵەندی "پارتی بۆ ئازادی" بووە و دۆستایەتییەکی باشی لەگەل سەرۆکی پارتەکەی هەبوە. 

بەپێی زانیارییەکانی مالپەڕی ( ئێس تی ) لە ماوەی حەوت ساڵی پەرلەمانتاریدا، یەکێک بوە لەو کەسانەی کە بە دژایەتیکردنی ئیسلامی ناوبانگی دەرکردوە و رێبەرایەتی ئاراستەی دژە ئیسلامیشی لە پەرلەمانی هۆلەندا کردوە. 

تەنانەت بیرۆکەی قەدەغەکردنی پەچە و نیقاب یەکێک بووە لەو داواکارییەکانی ئەو سەرسەختانە کاری بۆ جێبەجێکردن و بەیاساکردنی پرۆژەکە کردوە. 
بە موسڵمانبوونی هەموو دۆست و دوژمنەکانی سەرسام کردووە

 

کلاڤێرێن بە میدیاکانی هۆڵەندای راگەیاندووە، لە میانەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک بۆ نووسینی کتێبێک لە دژی ئیسلام، باوەڕی بە ئایینی ئیسلام هێناوە و ئێستا ئاراستەی کتێبەکەی گۆڕدراوە و بووتە کتێبێک بۆ وەڵامدانەوەی ئەو رەخنانەی کە ئاراستەی ئیسلام و موسڵمانان دەکرێت.

یورام ڤان کلاڤێرێن "راستییەکان"ی لە کتێبەکەیدا نووسیوە و بەم جۆرەش باوەڕی بە ئیسلام هێناوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو ئەو گۆڕانکارییە روویداوە و باوەڕی بە ئایینی ئیسلام هێناوە. 
میدیاکانی هۆڵەندا هەواڵی موسڵمانبوونی کلاڤێرێن-یان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویانە بە موسڵمانبوونی هەموو دۆست و دوژمنەکانی سەرسام کردووە. 

پۆپۆلیست و دژە ئیسلامەکان، کە کلاڤێرێن یەکێک بووە لە ئەوان، بۆچوونی ئەوەیان هەیە کە نابێت ئیسلام لە ناو کۆمەڵگەی هۆڵەندیدا جێگەی بکرێتەوە. 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP