ئەردۆغان: پشودرێژیمان سنورى هەیە

- 2/5/2019 5:20:00 PM 3265 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بەهمەن ئەحمەد

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رایگەیاند: تا ئێستا پلانێکی گونجاوی لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە نەبینیوە بۆ پرسی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سوریا.

بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز، سێ هەفتە پاش پێشنیارەکەی ترەمپ بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام، سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بەوەکردوە هێشتا پلانێکی ئەوتۆ نیە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لەسوریا.
 پابەند دەبین بەدروستکردنی ناوچەی ئارام
ئەردۆغان لەپەیامێکی هەڕەشە ئامێزدا راشیگەیاندوە، وەک ئەوەی بەڵێنمانداوە پابەند دەبین بەدروستکردنی ناوچەی ئارام، بەڵام پشودرێژیشمان سنوری هەیە.

مەرجی تورکیا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام دورخستنەوەی هێزەکانی ( یەپەگە)یە کە تورکیا پێیوایە گروپێکی چەکداری سەر بە پەکەکەن. 

هاوکات ئەردۆغان راشیگەیاندوە، ئەوان داوای یارمەتی لەکەس ناکەن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەناو خاکی سوریا، هەروەک چۆن هیچ شتێک نایانترسێنێت تەنانەت هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابوریش.

بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتو لەواشنتن بەمەبەستی تاوتوێکردنی ناوچەی ئارام کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانی دژی داعش ئەنجامبدرێت و وەزیری دەرەوەی تورکیاش بەشداری تێدادەکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP