خاچی سور: رێگری لەگەرانەوەی ئاوارە عێراقیەکان دەکرێت

- 2/4/2019 11:13:00 PM 2884 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- بەهمەن ئەحمەد

سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سور رایگەیاند: هێشتا ئاسته‌نگی لەبەردەم ئاوارە عێراقییەکاندا هەیە تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێن و جێی خۆیان.

پیته‌ر ماوره‌ر سەرۆکی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سور لەکۆبونەوەی جنێفدا رایگەیاند: دروستکردنەوەی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق كلیلی دڵنیابوونه‌ لەوەی كه‌ وڵاته‌كه‌ توندوتیژیه‌كانی وه‌لادەنێت بۆ رابردو.
تا ئێستا  1.8 ملیۆن کەس له‌سه‌رانسه‌ری عێراقدا ئاواره‌ن

 

سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سور تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگه‌ نائاساییانه‌ی كه‌ ڕوبه‌ڕوی پێكهاته‌كانی عێراق ده‌بنه‌وه‌ له‌سه‌رانسه‌ری وڵاتدا، لەو چوارچێوەیەشدا رایگەیاند: تا ئێستا  1.8 ملیۆن کەس له‌سه‌رانسه‌ری عێراقدا ئاواره‌ن، هەرچەندە زیاتر لە یەک ساڵە شەری تیرۆر لەعێراقدا بەفەرمی کۆتایی هاتوە.

ماورەر ئاماژەی بەوەشکرد لە ئێستادا پێویستە سەرکردە عێراقییەکان زەمینەی گەرانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان دروستبکەن و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرقەرارکەن، چونکە مانەوەی زیاتری ئاوارەکان دور لەخاک و کولتوری خۆیان کاریگەری دیکەی نەرێنی دروستدەکات.
 
خاچى سور ئاشکرایکردوە کە لەساڵى 2018 هاوكاری زیاتر له‌ 2.5 ملیۆن كه‌سی كردووه‌ بە دابینکردنی ‌ئاوی پاك لەرێی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی 47 وێستگه‌ی ئاو، خۆراکى بۆ ٣٤٠ هەزار كه‌س دابینکردوە لەگەڵ پێداویستی سه‌ره‌كی ناوماڵ بۆ 275 هەزار كه‌س، ئەمە جگەلە پێشکەشکردنی پاره‌ی نەخت (كاش) بۆ 120 هەزار كه‌س.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP