هەواڵی ئەمڕۆ

زیندەوەرێک دۆزرایەوە تەمەنی 185 ملیۆن ساڵە

- 2/4/2019 8:51:00 PM 14057 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - بەهمەن ئەحمەد

زیندەوەرێکی دەریایی لەناو گولـلە تۆپێکی ئاڵتونیدا دۆزرایەوە کە تەمەنی 185 ملیۆن ساڵە.
 
بەپێی هەواڵێکی ( دەیلی مەیل) ی بریتانی، راوچییەکی پاشماوە کۆنەکان توانیویەتی گولـلە تۆپێکی ئاڵتونی بدۆزێتەوە و لەناو گولـلە تۆپەکەدا ئێسک و پروسکی زیندەوەرێک هەبوە کە تەمەنی 185ملیۆن ساڵە و بەمەبەستی پاراستنی لەناو ئەو گولـلە تۆپە هەڵگیراوە.
 
گولـلە تۆپەکە لەلایەن ئارۆن سمزی تەمەن 22ساڵ لە کەناری دەریای ساندسێندی بریتانیا دۆزراوەتەوە و پاشکردنەوەی دەرکەوتوە پاشماوەی زیندەوەری دەریایی ئامۆنیت یان ئەوەی پێیدەوترێت هێلەکە شەیتانۆکەی تێدابوە کە تەمەنی 185ملیۆن ساڵە. 
توخمی زیندەوەرەکە نزیکەی 200ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا ژیاون

 

وەک خۆشی باسیدەکات پێشبینی کردوە پاشماوەی زیندەوەرێک لەناو گولـلە تۆپەکەدابێت کە روپۆشەکەی بەزێڕکراوە، بەڵام پێشبینی نەکردوە تەمەنی هێندە زۆربێت.
 
ئەوەش ئاشکراکراوە توخمی زیندەوەرەکە ئێستا لەناوچوە و لەسەردەمی جوراسیدا نزیکەی 200ملیۆن ساڵ بەر لە ئێستا ژیاون.

سمز چەندین ساڵە دۆزینەوەی پاشماوەی گیاندار و روەکە دەریایی وشکانییەکانی کردۆتە پیشەی خۆی و پاشماوە دۆزراوەکانیش لەناو ماڵەکەیدا کۆدەکاتەوە، بەمدواییانەش لەگرتەیەکى ڤیدیۆیدا پاشماوە کۆکراوەکانی مالەکەی نمایشکردوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP