بە "ناکۆکی قوڵەوە" گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەنەوە
خەندان كارته‌ جیاوازه‌كانی دەستی یەکێتی و پارتی ئاشكرادەکات

- 2/3/2019 2:48:00 PM 23694 جار خوێندراوەتەوە
کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی

خەندان-

پارتی و یەکێتی رۆژی سێشه‌ممه‌ لە ئاستی باڵادا کۆدەبنەوە و لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمەوە گفتوگۆ دەکەن، ئەوەش لەکاتێکدایە هەردو حزب بەسەر چوار ئاڕاستەدا دابەشبون.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، رۆژی سێشەممە لە شاری هەولێر شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، و شاندی پارتی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکرێت و شاندی یەکێتیش کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتی دەکات.

خەندان زانیویەتی، پارتی و یەکێتی هەریەکەیان لە ناوخۆیاندا بەسەر دو ئاڕاستەی جیاوازدا دابەشبون، بەشێک لە پارتی پێداگیری سەرسەخت دەکەن بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت تەنانەت "بەبێ یەکێتی"ش، چونکە ئەو پرسە وەکو ئیستیحاقی هەڵبژاردنی پارتی دەبینینن و رەچاوی واقع و پێگەی یەکێتی ناکەن. 

بەشێک لە پارتی پێداگیری دەکەن بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت، تەنانەت بەبێ یەکێتی

 

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، تەنانەت ئەو ئاڕاستەی ناو پارتی لە پێناوی پێکهێنانی کابینەی نۆدا ئامادەن ئەگەر پێویست بکات لە نێوان "خراپ و خراپتر" پەنا بۆ ئەوەی دوەمیان بەرن، ئەوەش بەپشتبەستن بە رێککەوتن لەگەڵ گۆڕان و کۆتاو کەمینەکان و دروستکردنی 50+1 لە پەرلەمانی کوردستان، نیازیشیان وایە ئەو پەیامە بە رونی بدەنە شاندی باڵای یەکێتی.

ئەو ئاڕاستەی ناو پارتی ئامادەن ئەگەر پێویست بکات لە نێوان "خراپ و خراپتر" پەنا بۆ ئەوەی دوەمیان بەرن

 

لە بەرامبەردا لە ناو پارتیدا ئاڕاستەیەکی دیکە هەیە کە پێیان باشە رەچاوی واقعی یەکێتی بکرێت و هەرچۆنێک بێت لەگەڵ یەکێتی بگەنە رێککەوتن و بەبێ ئەو حزبە پێکهێنانی کابینەکە رانەگەیەندرێت، بەڵام ئەم ئاڕاستەی کەمینەن لەناو پارتیدا. 

سەرچاوەیەک کە پێگەیەکی باڵای لەناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ھەیە داوای کرد ناوی پارێزراو بێت به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "یه‌كێتی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڕاسته‌ی پارتی ده‌كات كه‌ پێیان وایە دەبێت رێككه‌وتنێك له‌ نێوانیاندا واژۆبكرێت واقع و قورسایی سیاسی و مێژویی یەکێتی نادیدە ناگرن، نه‌ك هیچ ئاڕاسته‌یه‌كی دیكەی پێچەوانە‌".

ئاڕاستەیەکی دیکە لە ناو پارتیدا هەیە پێیان باشە رەچاوی واقعی یەکێتی بکرێت

 

یەکێتیش هاوشێوەی پارتی بەسەر دو ئاڕاستەدا دابەشبوە، ئاڕاستەی یەکەمی ئەو حزبە جەخت لەسەر رێککەوتن لەگەڵ پارتی دەکاتەوە و دەیەوێت یەکێتی ئیستحاقی خۆی لە کابینەی نۆ وەربگرێت، بەڵام رێککەوتن لەبارەی کەرکوک و بەغداوە بۆ دوای پێکهێنانی کابینەکە هەڵبگرێت.

ئاڕاستەیەکی یەکێتی جەخت لەسەر رێککەوتن لەگەڵ پارتی دەکاتەوە

 

ئاڕاستەی دوەمیش کە بەهێزترینە و زۆرایەتی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پێکدەهێنێت پێداگری لەسەر ئیستیحاقی هاوسەنگی یەکێتی و رەچاوکردنی پێگە مێژوییەکەی و بەیەکەوە بەستنەوەی پرسی هەرێم و کەرکوک و بەغدا دەکات، بەڵام ئەو ئاڕاستەیە مرونەتیان نیشانداوە کە دەکرێت لەگەڵ پارتیدا کابینەکە دروستبکەن و هاوکات "رێککەوتنێکی رێزلێگیراو" کە دڵنیایی بۆ یەکێتی تێدابێت لەبارەی کەرکوک و بەغداوە واژۆبکرێت.   

ئاڕاستەی دوەمیش کە بەهێزترینە و زۆرایەتی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پێکدەهێنێت پرسی هەرێم و کەرکوک و بەغدای نەیەکەوە بەستوە

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌خه‌ندان-ی وت، "ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بۆ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ كارده‌كه‌ن كه‌ نیه‌تی جددی هه‌یه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پرسه‌كان له‌نێوان هه‌ردو حزبدا".
 
126 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا تا ئێستا پارتی وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنێت، هەفتەی رابردوش شاندێکی پارتی سەردانی کۆمەڵ و یەکگرتو و حزبی شیوعی کرد، بەڵام یەکگرتو  و شیوعی پارتیان دڵنیاکردەوە کە بەشداری کابینەی حکومەت ناکەن.


نیشانەکردن :

#یەکێتی #پارتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP