بەپەلە

دوانیان گیانیان لەدەستدا
ئۆتۆمبێلێک بە 10 سەرنشینەوە وەرگەڕا

- 2/3/2019 12:19:00 PM 25122 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک بە 10 سەرنشینەوە وەرگەڕا کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزان بون و بەهۆیەوە دوانیان گیانیان لەدەستدا.

رێژەن بورهان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان بە خەندان-ی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لەسەر رێگای دەربەندیخان - کەلار ئۆتۆمبێلێک بە 10 سەرنشینەوە وەرگەڕا کە سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزان بون.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە روداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش برینداربون، و دوانیان دۆخی تەندروستیان جێگر نیە.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان راشیگەیاند، "روداوەکە بەهۆی تیژڕەوییەوە رویداوە".

بەپێی ئامارەکانی هاتوچۆی دەربەندیخان، لە ساڵی 2018 دا 87 روداوی جۆراوجۆر لە رێگای نێوان دەربەندیخان- کەلار رویانداوە و بەهۆیانەوە 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 109 کەسی دیکەش برینداربون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP